پزیشکیان: رێگریمان لە پیلانی دوژمن بۆ پچڕاندنی شادەماری ئابووریی ئێران کردووە
سەرۆککۆماری ئێران، رایگەیاند، حکوومەتەکەی بە پلانێکی نوێوە رووبەڕووی دۆخی نائاسایی وڵات بووەتەوە و سەرەڕای توندبوونەوەی گوشارە ئابوورییەکان، رێگەیان نەداوە پیلانی دوژمنان بۆ پچڕاندنی شادەماری ژیانی خەڵک لە جەنگی ئابووریدا سەربکەوێت.
شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، سەرنجی خستە سەر دۆخی ئابووری و ململانێکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا و رایگەیاند: حکوومەت بۆ بەڕێوەبردنی ئەم بارودۆخە تایبەتە، خۆی بە شێوازێکی نوێ رێکخستووەتەوە.
پزیشکیان ئاماژەی بە پیلانی نەیارانی کۆماری ئیسلامی کرد لە قۆناخی رابردوودا و گوتی: نەخشەی دوژمن لە مانگەکانی رابردوودا بریتی بوو لە پچڕاندنی شادەماری ژیانی وڵات بە مەبەستی دروستکردنی گوشاری توند لەسەر گەلی بەئەمەکی ئێران. بە دڵنیاییەوە گوشارە ئابوورییەکان روویان لە زیادبوون کردووە، بەڵام بە پشتیوانیی خودا، هاوڕێیەتیی خەڵک و رێکارەکانی هاوکارانمان لە حکوومەتدا، نەمانهێشتووە ئامانجەکانی دوژمن لەم جەنگە ئابوورییەدا بێنە دی.
ئەم پەیامەی سەرۆککۆماری ئێران لە کاتێکدایە کە بازاڕی دارایی ئەو وڵاتە لەژێر قورسترین گوشاری ئابووریدایە؛ بەهای تمەن داڕمانێکی مێژوویی نوێی تۆمار کردووە و یەک دۆلاری ئەمریکی 267 هەزار تمەنی تێپەڕاندووە.