یەكێتی بەشداریكردن لە حكوومەت تاوتوێ دەكات
ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە
K24 - سلێمانی
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆببێتەوە و بەشداریكردن لە كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و گۆڕانكاری نێوخۆیی تاوتوێ بكات.
پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "بڕیارە ئەمرۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە سلێمانی كۆببێتەوە، بۆ تاوتوێكردنی بەشداریكردن لە كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و رۆڵ و پێگەی یەكێتی لەنێویدا و كارنامەی ئەو كابینەیە بۆ چوار ساڵی داھاتوو".
بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "ھەر لەو كۆبوونەوەیەدا یەكێتی گفتوگۆ لەبارەی حكوومەتی نوێی عێراق و بارودۆخی ھەنووكەیی دەكات، ھەروەھا باسیش لە چەند گۆڕانكارییەكی نێوخۆیی حزبی دەكرێت".
ھەفتەی رابردوو لە 27/11/2018، مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوای كۆبوونەوەیان لە راگەیەندراوێكدا ئەوەی خستەڕوو "بەردەوامیی گفتوگۆكانی نێوان یەكێتی و پارتی و لایەنەكانی تر بۆ پێكهێنانی حكوومەت بە گرنگ دەزانن".
ئەوە لە كاتێكدایە بڕیارە ئەم ھەفتەیە پارتی دیموكراتی كوردستان، گەڕێكی دیكەی دانووستانەكان دەست پێبكات و كابینەی داھاتووی حكوومەت لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان تاوتوێ بكات.



