لە ھەولێر كەسێك لەسەر دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیر كرا

پۆلیس زانیاری لەسەر رووداوەكە دەخاتەڕوو

K24 - ھەولێر

لە ھەولێر كەسێكی تەمەن 24 ساڵ، لەلایەن ھێزەكانی پۆلیس لەسەر دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیركرا.

بە ڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرا كرد: "لە 28/11/2018، ھێزەكانی پۆلیس لەلایەن هاووڵاتیەك ئاگادارکرانەوە، کەوا کەسێك هەوڵی دزینی ئۆتۆمبێلەکەی دەدات لەجۆری (نیسان سەنی تاکسی)، پۆلیس دەستبەجێ گەیشتە شوێنی رووداوەكە و توانیان تۆمەتبار دەستگیر بکەن".

رائید نەجمەدین حوسێن عومەرخان، رایگەیاندووە: "دوای ئاگاداركردنەوەمان ئاگادار کراینەوە بەبوونی ئەنجامدانی تاوانی دزیکردن، مەفرەزەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداو توانیان تۆمەتبار لە شوێنی تاوان دەستگیر بکەن.

ئاشكراشی كردووە: "تۆمەتبار بەناوی (ب. ک. ر.)، تەمەن 24 ساڵ، دوای دەستگیرکردنی دانینا بەتاوانەکەی کەوا کاتژمێر 2:30ی شەو داوای لە شۆفێری تاکسیەکە کردوە بیگەیەنێتە گوندی گەزنە، لە رێگا هەوڵی دزینی ئۆتۆمبێلەکەی دەدات و شۆفێرەکە رێگری لێکردووە و لە ئاکامدا ئۆتۆمبێلەکە بەر بەربەستێک دەکەوێت و زامدار دەبن پۆلیس توانی تۆمەتباری ناوبراو لە شوێنی رووداو دەستگیر بکات".

ئەوەشخراوەتەڕوو: "پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخرا و رەوانەی بەردەم دادوەر کرا، بڕیاریدا بە بەند کردنی تۆمەتبار بە پێی ماددە 441 لە یاسای سزادان".