ھاوپەیمانان داعش لە سنووری كفری بۆردوومان دەكەن
داعش لە چەندین سنووری دەستی بە جموجۆڵ كردووەتەوە
K24 - گەرمیان
ھەرێم جاف، پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا فڕۆكە جەنگییەكانی ھاوپەیمانان بنكەكانی داعشیان لە سنووری كفری بۆردوومان كرد".
بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "فڕۆكە جەنگییەكانی بۆردوومانی لە نزیك گوندی بەلەگەی سەر بە کفری چەند پێگەیەكی چەکدارانی داعشیان بۆردوومان كردووە، بەڵام تائیستا ھیچ زانیاریەک لەبارەی زیانەكانی داعش رانەگەیەندراوە".
جەماڵ وارانی، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیە زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24ی پشتڕاست كردەوە و گوتی: "فڕۆكە جەنگییەكانی ھاوپەیمانان پێگەی داعشیان کردووتە ئامانج".
ئەمە لەكاتێكدایە چەكدارانی داعش ماوەیەكە لە چەندین ناوچەی عێراق دەستیان بە جموجۆڵ كردووەتەوە و ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی نێودەوڵەتی لە واشنتن، راپۆرتێكی لەبارەی جموجۆڵەكانی رێكخراوی داعش بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، مانگانە چەكدارانی داعش 75 ھێرشی چەكداری لە عێراق ئەنجام دەدەن و ئێستا خۆی رێكخستووەتەوە و تەكتیكی خۆی گۆڕیوەو دەستی كردووە بە چالاكییەكانی رفاندن و تەقینەوە و زیاتریش كەسانی سەر بە حكومەت دەكاتە ئامانج.