شەپۆلێكی دیكەی بارانبارین ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە
چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت
K24 - ھەولێر
بەپێی پێشبینیەكانی كەشناسی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر كاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و لە سبەینێ سێشەممەوە شەپۆلێكی بارانبارین ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت.
بەپێی راپۆرتی پێشبینیەكانی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان "لەدوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە بەرواری 2018/12/4 سەرەتای بارانبارین لە بەشەكانی باكوورو رۆژئاوای هەرێمی كوردستانەوە دەستپێدەكات. لە رۆژی چوارشەممە 2018/12/5 كاریگەریی شەپۆلی بارانبارینەكە كاردەكاتە سەر تەواوی ناوچەكەمان و لە هەندێ كاتدا هەورە تریشقەی لەگەڵدا دەبێت. لە كاتی هاتنی ئەم شەپۆلە بارستە هەوایەكی نیمچە ساردیش روو لە ناوچەكەمان دەكات و پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكاندا.
كەشناسی راشیگەیاندووە، پێشبینی دەكرێت كاریگەریی ئەم شەپۆلە تا رۆژی هەینی 2018/12/7 بەردەوام بێت.
