یەکێتی پێشوازی لە کاندیدکردنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکی حکومەت دەکات

" هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت هەنگاوێكی باش چووەتە پێشەوە"

K24 – هه‌ولێر:

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان،  پێشوازی لە کاندیدکردنی مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان كرد.

لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ، سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی کاندیدکردنی مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکوومەت رایگەیاند، "ئێمە پێشوازى له‌ كانديدكردنى مه‌سرور بارزانى بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ده‌كه‌ين. ئه‌وه‌ بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ و بڕیاری خۆیانە كێ‌ دادەنێن، پێشوازی لێدەكەین و بەم بڕیارەش هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت هەنگاوێكی باش چووەتە پێشەوە".

لەبارەی دیاریکردنی جێگرێک بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت لەلایەن یەکێتییەوە، پیرە گوتی: "لە كۆبوونەوەی داهاتووی مەكتەبی سیاسی گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەكرێت و كاندیدی خۆمان دەستنیشان دەكەین، ئەگەر پێویست بكات دواتر لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكلایی دەكرێتەوە".

ئەمڕۆ دوو شەممە 03/12/2018، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریدا مه‌سرور بارزانى، بۆ پۆستى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم كانديد بكات و هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانيش بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم كانديد كرا.