خاڵه گومرگییه‌كانی نێوان كه‌ركووك و هه‌ولێر و نه‌ینه‌وا داده‌خرێن
ده‌سته‌ی گشتی گومرگ فه‌رمانی بۆ كشانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی گومرگ ده‌ركرد
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 4/12/2018 ده‌سته‌ی گشتی گومرگی عێراق، فه‌رمانی داخستنی سێ ده‌روازه‌ی گومرگیی له‌نێوان پارێزگاكانی هه‌ولێر و نه‌ینه‌وا‌و كه‌ركووك ده‌ركرد.
به‌گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی تایبه‌ت كه له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی گشتی گومرگی عێراق ئاراسته‌ی خاڵه گومرگییه‌كانی كه‌ركووك و شێراوه‌و له‌یلان و فایده كراوه و له‌لایه‌ن ماهر ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی ناوچه‌كانی "باكوور" واژووكراوه، هاتووه: "به پشتبه‌ستن به په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی رۆژی 3/12/2018 له‌نێوان گومرگی ناوچه‌ی "باكوور" و ده‌سته‌ی گشتی گومرگ و به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری یاسایی و گومرگیی له ده‌سته‌ی گشتی گومرگ، بڕیاردرا سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ره‌كانی گومرگ له خاڵه گومرگییه‌كانی فایده و شێراوه‌و و له‌یلان بكشێنرێنه‌وه و بگه‌ڕێنرێنه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گومرگ و به زووترین كات ئه‌و فه‌رمانه جێبه‌جێ بكرێت".
له كاتی كردنه‌وه‌ی رێگای نێوان هه‌ولێر و كه‌ركووك له مانگی ئه‌یلوولی رابردوو، حكوومه‌تی عێراق خاڵی گومرگی له‌نێوان پارێزگاكانی كه‌ركووك و هه‌ولێر و كه‌ركووك و سلێمانی دانابوو.