یەكێتی كاندیدەكانی بۆ كابینەی نوێ دیاردەكات

چەند كۆبوونەوەیەك كراوە

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ تاوتوێکردنی کاندیدەكانی بۆ كابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

سەرچاوەیەك بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوێنێ هەینی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دوور لە چاوی کامێراکان کۆبوونەوەیەکی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێووە کردووە".

سەرچاوەكە ئاشکرای كرد: "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە، لەبارەی کاندیدانی یەکێتی بۆ ئەو پۆستانەی لە حکوومەتی داهاتوو بەریان دەکەوێت و بڕیاریشە ئەمڕۆ جارێکی دیکە کۆدەبێتەوە و ناوی کاندیدەکان یەکلادەکاتەوە".

هه‌ر بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیاریشە سبەی یەکشەممە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ پەسەندکردنی ناوی کاندیدان کۆببێتەوە و ئەوسا کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەست پێدەکەن.