دیداری مێرگەسۆر بەڕێوەدەچێت
نەجمەدین کەریم: پیلان هەبوو هەموو کوردستان داگیر بکرێت
K24 – ههولێر:
بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری هونەری مێرگەسۆر و سەنتەری رۆشنبیری مێرگەسۆر بۆ ساڵی چوارەم دیداری مێرگەسۆر بەڕێوەدەبەن و لەم ساڵدا باس لە پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی هەستی نەتەوایەتی لای تاکی کورد دەکەن.
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک و قسەکەر لە پانێڵێکە بە کوردستان24ی راگەیاند: " دوای ریفراندۆم، مەترسی زۆر لەسەر هەرێمی کورستان هەبوو، بەڵام سەرکردایەتی کورد بە تایبەتی سەرۆک بارزانی و کاک نێچیرڤان بارزانی و پێشمەرگەکانی کوردستان، توانیان بەرەنگاری ئەو هێرشە تووند و سەختەی کە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کردیانە سەر هەرێمی کورستان لە مووسڵ و پردێ ببنەوە".
راشیگەیاند: "ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هەرێم بپارێزرێت، چونکە پیلان هەموو جیا لە کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەرێمی کوردستانیش داگیر بکرێت".
لەبارەی دۆخی کەرکووکیش، نەجمەدین کەریم رایگەیاند: "کەرکووک داگیرکراوە و ئێستا داعش لەوێ بەهێزبووە و مەترسییان دروستکردووە".
لە پانێڵی یەکەم، لە ژێر ناونیشانی (رۆڵی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان)، هەر یەک لە د. جەمەدین کەریم، سیروان بارزانی و مەسعود حەیدەر بۆچوونەکانیان دەخەنەڕوو و پانێلەکەش لەلایەن د. هێمن میرانی بەڕێوەدەچێت.
پانێلی دووەم لەبارەی (رۆلی رۆشنبیران و راگەیاندن لە بێهزکردنی هەستی نەتەوایەتی لای تاکی کورد) دەبێت و عوسمان ئۆجەلان، سالار عوسمان و سەرۆ قادر قسەکەر دەبن و نوری بێخاڵی پانێڵەکە بەڕێوە دەبات.
H.J






