سه‌رۆك بارزانی نیگەرانیی خۆی له‌باره‌ی ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا ده‌خاته‌ روو

سه‌رۆك بارزانی و نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كۆبوونه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17/12/2018 سەرۆك مەسعود بارزانی له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ برێت مەكگورگ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا، بۆچوون و ئامۆژگاریی خۆی لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكان و تەحەددیاتی بەردەم گەلی كورد لە سووریا شیكردەوە.

به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی سه‌رۆك بارزانی، له‌و دیداره‌دا كه‌ داگڵاس سڵیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و باڵیۆز ویلیەم ڕێبوك ڕاوێژكاری تایبەتی نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و ستیڤ ڤاگین كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر ئاماده‌بوون. بارودۆخی سوریا و دوایین پێشهاتەكان تاوتوێ كرا و شاندی میوان دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی سووریا و بارودۆخی مەیدانیی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و هەروەها ستراتیژیی وڵاتەكەیان لەبارەی سووریا بۆ سەرۆك بارزانی خستە ڕوو.

له‌ دیداره‌كه‌دا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هاوكێشەكانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی تەواوكردنی پێكهاتەی حكوومەتی نوێی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.

هه‌روه‌ها دەرئەنجامەكانی سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا لە مانگی نۆڤەمبەری ڕابردوو و سەردانی وەزیری وزەی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان تەوەری دیكەی ئەو دیداره‌ بوو.