عەبدولحەکیم خەسرەو: لە عێراق رێگریی لە پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە کراوە
شەممە 3ی تشرینی یەکەمی 2026، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون میوانی باسی ڕۆژی کوردستان24 بوو کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان گوتی: بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەیەکی وەکوو داعش کە سنوورەکان دەبرێت کاریگەری لەسەر عێراق، سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەیە زۆر گرنگ بوو؛ هەروەها لە پاراستنی هەرێمی کوردستان کاریگەریەکی ئەرێنی هەبوو.
عەبدولحەکیم خەسرەو ئاماژەشی دا، ئەمریکا لە پاراستنی بنکەکانی و هاوپەیمانان و بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام دەبیت، بەڵام بە ستراتیژ و گۆڕانکارییەکی جیاواز.
گوتیشی: ئێستا هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان ڕەتییان کردووەتەوە چەکەکانیان دابنێن و لە ڕابردووش دا چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر هەرێم و دەرەوەی عێراقیش؛ بۆیە لە داهاتوودا ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی جددی دەبێتەوە؛ بەتایبەت کە هەڕەشەی داعش بەردەوامە، بۆیە دەبێت هێزەکانی عێراق پەرە بە هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ پێشمەرگە بدات، بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی کەم بکاتەوە.
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە بارەی ئەوەی بۆچی هێزی پێشمەرگە خاوەنی سیستمی بەرگریی نییە، باسی لەوە کرد، حکوومەتی عێراق هەمیشە ڕێگری لە پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە لە چوارچێوەیەش سیستەمی بەرگریی، هەروەها تاوەکوو ئێستا هەرێمی کوردستان لەو بوارەو تەمویل نەکراوە، بەڵام هەولێر و بەغدا لەوبارەوە لە گفتوگۆدان.
عەبدولحەکیم خەسرەو هەر لەوبارەوە گوتی: من پێم وایە عێراق بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان ئامادە نییە.
لەبارەی ئەوە ئایە گرووپە چەکدارەکان سوود لە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەبنین؛ گوتی: هێزەکانی هاوپەیمانان کە لێرەشبوون کەمترین چالاکییان دژی گرووپە چەکدارەکان هەبوو، ئەوان بۆ هەڕەشەی داعش و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لێرەبوون، هاوکات هێزەکانی هاوپەیمانان پرسی گرووپە چەکدارەکانی بە کێشەییەکی ناوخۆ دەبینی.
هەروەها باسی لەوە کرد، لە بەرامبەردا هێزە عێراقییەکان پرسی گرووپە چەکدارەکان بە کێشەیەکی ناوخۆ دەبینی و چەندین جار دووپاتییان کردووەتەوە، کە نابێت عێراق ببێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بەڵام تاوەکوو ئێستا لە قەناعەت پێکردنی گرووپە چەکدارەکان بۆ دانانی چەک سەرکەوتوو نەبوونە؛ گوتیشی: ئەو دۆخە ئەمنییەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئێران کاریگەری لەسەر پرسی چەککردنی گرووپەکان هەیە.
نوێ دەکرێتەوە.