پێنج تۆمەتبار دەستگیر كران
"رێگریان لە خەڵك كردووە و پارەیان لێ سەندون"
K24 - سلێمانی
لە سلێمانی پێنج تۆمەتبار دەستگیر كران، بە پێی زانیارییەكانی پۆلیس زۆربەیان پارەیان لە خەڵك وەرگرتووەو یەكێك لە تۆمەتبارەكان ئافرەتە.
لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد: "شەوی 18/12/2018، هاووڵاتییەك لە گەڕەكی سەرچنار ناچاردەكرێت بە زۆر سواری ئۆتۆمبێلی ئەو پێنج تۆمەتبارە بێت، دوای ئەوەی لەو شوێنە دوور دەخرێتەوە لە شەقامی قلیاسان نزیك رێستۆرانتی داوا تۆمەتبارەكان هەرچی پارەو كەل و پەلی هاووڵاتیەكەیە لەگەڵ بڕی سێ هەزارو 700 دۆلار بە زۆر لێیان سەندوەو لێشیان داوە. دوای ئاگاداركردنی پۆلیسی سەرچنارو وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر و دوای لێكۆڵینەوەی هێزەكانی پۆلیس و وەرگرتنی كامێراكانی چاودێری شوێنی رووداوەكە توانرا كاتژمێر 1ی شەوی رابردوو لەلایەن بنكەی ناوبراوەوە ئەو تۆمەتبارانە دەستگیر بكرێن و دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەشدا گیرا كە كارەكەیان پێ ئەنجامدابوو".
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە: "بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 452 لە یاسای سزادانی عێراقی سەرجەم تۆمەتباران راگیراون كە یەكێكیان ئافرەتە و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیان دەستیان پێكردووە ، دەستیش گیراوە بەسەر بڕی دوو هەزار دۆلار لەگەڵ قەمە و چەند چەقۆیەكدا".
لەو راگەیەندراوە ئەوەش روونكراوەتەوە: "جگە ئافرەتەكە هەرچوار تۆمەتبارەكەی تر كە خەڵكی دەرەوەی شاری سلێمانین".