"داعشێكی دیكە" بەرۆكی عێراق دەگرێت

چەكدارانی ئەو گرووپە لە چەند ناوچەیەكی عێراق ھەن

K24 - ھەولێر

گرووپێكی توندڕەو لە رێكخراوی داعش جیابوونەتەوە و ناویان لەخۆیان ناوە، پاساوانانی ئایین "حراس الدین" كە لەژێر چەتری لیوای نەقشبەندییەكاندا ئێستا لە عێراقدا كاردەكەن.

بە درێژایی ئەم چەند دەیەی دوایی، لە منداڵادانی ئیسلامی تەكفیرییەوە ژمارەیەك گرووپ و رێكخراوی توندڕەو ھاتنەبوون، كە ھەرچەند لە شێوەی فۆڕم و كاركردندا كەمێك جیاوازبوون، بەڵام لە ئەجێندا و ھەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئەو شەرعیەتەی خۆیان بڕوایان پێیەتی یەكدەگرنەوە.

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەكی ھەواڵگری عێراقی، گرووپێكی توندڕەو لە رێكخراوی داعش جیابوونەتەوە و ناویان لەخۆیان ناوە، پاساوانانی ئایین "حراس الدین" كە لەژێر چەتری لیوای نەقشبەندییەكاندا كاردەكەن.

وەك ئەو سەرچاوە ھەواڵگریانە باس دەكەن، چەكدارانی ئەو گرووپە نوێیە، لە ناوچەكانی دەوروبەری خورماتوو، دوور، تكریت، شەرگات، مووسڵ، كەركووك و دیالەشدا چالاكن و ھەوڵ بۆ تێكدانی سەقامگیری ئەو ناوچانە دەدەن.

سەرەتای گرووپەكە بۆ سووریا و 27ی مانگی شوباتی 2018 دەگەڕێتەوە، بەڵام ماوەیەكی كەمە لە عێراق دەركەوتوون.

بەرای بەشێك لە چاودێرانی سیاسی، گرتنەبەری سیاسەتی پەراوێزخستنی پێكھاتەكان، لەلایەن ئەو دەستەڵاتەی مەزھەبییەی لە عێراق حووكمی گرتەدەست، ھۆكارێك بووە بۆ ئەوەی گرووپ و رێكخراوە توندڕەوەكان، پەراوێزخستن و ناڕازەیەتی خەڵكی ناوچە سوننەكان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و زیاتر بردەودان بە چالاكییەكانیان بقۆزنەوە، ئێستاش تاكو دەستی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بەو ناوچانە نەگاتەوە، ئەوا ھەمیشە خاكێكی بەپیت دەبێت، بۆ دەركەوتنی كەسانی توندڕەو.

ئا: فاروق محەمەد