نرخی ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بۆ مانگی 12 دیاری كرا

به‌رنامه‌ی كاركردنی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان دانرا

K24 - سلێمانی:

گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی رایگه‌یاند، نرخی هەر كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدەی ئەهلی لە مانگی كانونی یەكەم (12ی 2018)، (42) دینار دەبێت، هاوكات خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ مانگی كانونی دووەم دیاریكرا.

سیروان محەمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بە (42) دینار بۆ مانگی دوازدە دیاریكرا.

روونیشی كرده‌وه‌، مۆلیدەكان بەتێكڕایی لەنێوان (240) بۆ (255) كاتژمێر كاریان كردووە، بەوەش نرخی ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە لە نێوان (10.000)  بۆ (11.000) هەزار دینار دەبێت، كە پێی كاركردنی مۆلیدەكان نرخی ئەمپێرێك لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكه‌ جیاوازە.

له‌ باره‌ی كاركردنی مۆلیدەكان بۆ مانگی یەك، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی گوتی: "بەرنامەی مۆلیدە ئەهلییەكان رۆژانە لە كاتژمێر (2:00)ی پاشنیوەڕۆ بۆ (1:00)شەو، بەیانیان كاتژمێر (7) بەیانی دەبێت، لەو كاتانەدا كارەبای نیشتیمانی نەبوو مۆلیدە ئەهلییەكان كارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین دەكەن، بەڵام بۆ خشتەی رۆژانی هەینی و پشووەكان، مۆلیدەكان بەیانیان كار ناكەن و لە بڕی ئەوە كاتژمێر (12)ی نیوەڕۆیان كارەبا بۆهاووڵاتیان دابین دەكەن".

گوتیشی: "پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی (10) خوولەك زیاتر بەسەر دابینكردنی كارەبای مۆلیدە تێنەپەڕێت، سەرپێچیكار بەگوێرەی ناوەڕۆكی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی واژۆی كردووە رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە".

سەبارەت بە نرخی كارەبای یەكەكانی نیشتەجێبوون و سیتیەكانیش، گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، نرخی كیلۆواتێك كارەبا بە (218) دینار دیاریكراوە، بەڵام ئەگەر سیتیەكان وێستگەكانیان (KV11) بوو ئەوا (5) دینار و وێستگەكەی (KV33) بوو (10) دیناری بۆ زیاد دەكرێت.

سه‌رچاوه‌: راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی