"ئه‌ردۆغان ئه‌و به‌ڵێنه‌ی بۆ جێبه‌جێ ناكرێت به تره‌مپی داوه"
گۆڤارێكی ئه‌مه‌ریكی: سه‌رنجی ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر هێزه كوردییه‌كانه و دوژمنی دوژمنه‌كه‌ی دۆسته
K24 - هه‌ولێر:
كاتێك دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌م دوواییانه بڕیاریدا هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له سووریا بكشێنێته‌وه گووتی: "بۆ شه‌ڕی داعش پشت به توركیا ده‌به‌ستین" به‌ڵام پشتبه‌ستن به ئه‌نقه‌ره بۆ كۆتاییهێنان به توندڕه‌وه‌كان له شوینی خۆیدا نییه وه‌ك ئه‌وه‌ی له راپۆرتێكی گۆڤاری فۆرن پۆڵه‌سی ئه‌مه‌ریكیدا هۆكاره‌كانی خراونه‌ته روو.
گۆڤاره ئه‌مه‌ریكییه‌كه پێیوایه، راسپاردنی ئه‌نقه‌ره له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی دژی داعش بگرێته ئه‌ستۆ، پێشكه‌شكردنی ده‌رفه‌تێكی كراوه‌یه بۆ رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه تا ریزه‌كانی خۆی رێكبخاته‌وه‌و سه‌رله‌نوێ بگه‌ڕێته‌وه مه‌یدانه‌كانی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه".
بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا له‌ناكاو بوو بۆ به‌رپرسانی ئیداره‌كه‌ی تره‌مپیش، چونكه له مانگی سێپته‌مبه‌ری ساڵی رابردوودا، جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی گوتبووی: "هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا تا ده‌رچوونی ئێرانییه‌كان له سووریا ده‌مێننه‌وه".
كاتێكیش تره‌مپ رایگه‌یاند نزیكه‌ی 2 هه‌زار سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی له سووریا ده‌كشێنێته‌وه، پاش په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی بوو له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا و گووتی: "داعش له رووبه‌رێكی فراواندا شكستیهێناوه، چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ی ناوچه وه‌ك توركیا له‌سه‌ریانه كۆتایی به پاشماوه‌كانی داعش بهێنن و سه‌رۆكی توركیا ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه كه كۆتایی به پاشماوه‌كانی داعش ده‌هێنێ له سووریا".
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و به‌ڵێنه‌ی توركیا بۆ كۆتاییهێنان به پاشماوه‌كانی داعش له سووریا، گۆڤاری فۆرن پۆڵه‌سی له راپۆرتێكدا ده‌ڵێت "توركیا چه‌ند جارێك دوو دڵ بووه له‌وه‌ی راسته‌وخۆ شه‌ڕی داعش بكات و له بری ئه‌وه سه‌رنجی خستووه‌ته سه‌ر دوژمنه سه‌رسه‌خته‌كه‌ی كه شه‌ڕڤانه كورده‌كانن".
توركیا ساڵانێكه یارییه‌كی دوو سه‌ره ده‌كات، ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌ردۆغانیش ئه‌وه‌یه رێگه نه‌دات كورده‌كان گه‌شه بكه‌ن له باكووری سووریا و به سنووره‌كانی توركیادا بڵاونه‌بنه‌وه".
به‌گوێره‌ی گۆڤاره ئه‌مه‌ریكییه‌كه، كۆتاییهێنان به داعش له‌ناو سووریا و له‌ناوبردنی تۆڕه‌كانیان له‌ناو خۆی توركیاشدا، كاری له پێشینه نییه و ئه‌نقه‌ره به پله‌ی دووه‌م بیری لێ ده‌كاته‌وه.
ئه‌و تێڕوانینه بۆ كاری له پێشینه‌ی توركیا، زه‌مینه‌ی بۆ داعش ره‌خساند ژێرخانێكی باش له توركیا بۆ خۆی درووست بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بڕیاری كشانه‌وه‌ی ھێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا، كۆتوبه‌ندی سه‌ر ملی داعش ده‌كاته‌وه و له‌و گه‌مارۆیه قوتار ده‌بێت. زیانی زۆریش به سه‌ربازه توركه‌كان و خه‌ڵكی سڤیلی توركیاش ده‌گه‌یه‌نن.
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه: "داعش توركیای كردووه‌ته بنكه‌ی پاڵپشتی پشته‌وه بۆ شه‌ڕی سووریا، ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كشانه‌وه، ئه‌وكاته داعش به ئاسانی ده‌توانێت سنووره‌كانی نێوان سووریا و توركیا ببڕێت كه پێشتریش رێگا به زۆر كه‌س درا له‌و سنوورانه‌وه بگه‌نه سووریا و له چه‌ند ساڵی رابردوودا له‌ناو ریزی داعشدا شه‌ڕ بكه‌ن.
فۆرن پۆله‌سی ده‌ڵێ "توركیا خۆی ده‌رچه‌یه‌كی گه‌وره‌ی په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو "جیهادی و توندڕه‌وه" بووه كه له سنووره درێژه‌كانی نێوانی له‌گه‌ڵ سووریا په‌ڕیوونه‌ته‌وه‌و پاشان بووه مۆڵگه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵاتووه‌كان".
له راپۆرته‌كه‌دا دوو هۆكار وه‌ك لاوازیی توانا و مه‌به‌ستی توركیا بۆ شه‌ڕی داعش ده‌ستنیشان كراوه، به‌تایبه‌تی كه له ساڵانی رابردوودا داعش ده‌ستی خۆی گه‌یاندووه‌ته توركیا و چه‌ندین كرده‌وه‌ی توندوتیژییان ئه‌نجامداوه، ئه‌وه‌ش وای لێكردوون توندڕه‌وه‌كان شاره‌زاییه‌كی گرنگیان له‌و ئه‌ركه‌دا هه‌بێت.
هه‌روه‌ها نووسراوه، توركیا حه‌ماسه‌تی زۆری بۆ ده‌رخستنی تواناكانی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌و حه‌ماسه‌ت و هاتوهاواره ته‌نها مره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌ز بووه، چونكه له راستیدا كۆتاییهێنان به داعش كارێكی هه‌روا ئاسان نییه. ته‌نانه‌ت ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان خۆی نه‌یتوانی به یه‌كجاری كۆتایی به رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه بهێنێ. ئه‌ی بۆچی دۆناڵد تره‌مپ پێیوایه توركه‌كان ده‌توانن ئه‌و ئامانجه به‌دیبهێنن؟.
ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌ركه‌كه‌ش سه‌خت ده‌كات، خۆ ئاماده‌كردنی رێكخراوی داعشه بۆ شه‌ڕی چه‌ته‌گه‌ری دوور مه‌ودا له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا، هه‌ر چه‌نده زۆرینه‌ی خاكی ئه‌و ناوچانه‌ی له ده‌ستداوه كه ناوی نابوون "زه‌ویه‌كانی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت".
گۆڤاره ئه‌مه‌ریكییه‌كه باسی هۆكاره ناوخۆییه‌كانیش ده‌كات له توركیا، چونكه سوپا له ساڵی 2013 وه و له‌وكاته‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی "دژی گه‌نده‌ڵی" ده‌ستیپێكردووه‌و پاشان كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه شكستخواردووه‌كه له ساڵی 2016 روویدا، ھێشتا گرژی و دوو دڵی یه‌خه‌ی سوپای توركیای به‌رنه‌داوه.
به‌هۆی ئه‌و گرژییه سه‌ربازییه‌ش توركیا گه‌یشتووه‌ته دۆخێكی ناسه‌قامگیر، چونكه ده‌سه‌ڵاتداران هه‌زاران كه‌سیان خسته زیندانه‌كان و هه‌زاره‌ها كه‌سیان له كاره‌كانیان دوورخسته‌وه گوایه په‌یوه‌ندییان به پیاوی ئایینی توركیا، فه‌تحوڵڵا گوله‌نه‌وه هه‌یه كه له ئه‌مه‌ریكا داده‌نیشێ.
گۆڤاره‌كه ده‌ڵێت: "پێویسته توركیا داعش وه‌ك دو‌ژمنێك ته‌ماشا بكات و له‌ناوی ببات، به‌ڵام هاوكێشه سیاسی و سه‌ربازییه‌كان زۆر ئاڵۆزن و له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، دوژمنی دوژمن وه‌ك دۆست ته‌ماشا ده‌كرێت. ئه‌وه‌ش واتای ئه‌وه‌یه ئه‌نقه‌ره سوودمه‌نده له داعش چونكه دوژمنی شه‌ڕڤانه كورده‌كانن.
له‌به‌ر ئه‌وه‌شی چه‌كداره‌كانی داعش له سووریا به‌هۆی پاڵنه‌ری تائیفه‌گه‌رییه‌وه شه‌ڕ ده‌كه‌ن، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی راگه‌یێنراوه، كه‌وایه گونجاوه له‌گه‌ڵ ئه‌و هێڵه‌ی ئه‌ردۆغان درووستیكردووه، كاتێك خۆی وه‌ك رێبه‌ری سووننه و چاودێریكاری بزووتنه‌وه ئیسلامییه‌كان دانا".
فۆرن پۆڵه‌سی ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی ئه‌نقه‌ره له سووریا بكه‌ونه جووڵه، سه‌رنج ده‌خه‌نه سه‌ر كورده‌كان له بری داعش، ئه‌وه‌ش له ناوخۆی توركیادا به زیانێكی گه‌وره ته‌واو ده‌بێت، چونكه ئه‌وكاته‌ش شه‌ڕڤانه كورده‌كان له ریگه‌ی جیاجیاوه په‌نا ده‌به‌نه به‌ر هێرشی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه".
گۆڤاره ئه‌مه‌ریكییه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه "گرووپه كوردییه‌كان توانایه‌كی گه‌وره‌یان هه‌یه له ئه‌نجامدانی هێرش له‌ناو توركیا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌ردۆغان ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كورده‌كان، ئه‌وكاته‌ش به ئاسانی ده‌ست له‌و به‌ڵێنه‌ی هه‌ڵده‌گرێ كه بۆ كۆتاییهێنان به داعش به دۆناڵد تره‌مپی داوه".