سوتانی شەش ئافرەت پێکەوە لە بەغدا کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە
هەر شەشیان پێکەوە سووتان
K24 – ههولێر:
كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە خۆسووتاندنی شەش ئافرەتی خانەی چاكسازی ئەعزەمییەی بەغدا پێكدێنێت.
فاتن عەبدلواحد حەلفی، ئەندامی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، نیگەرانی خۆی لە خۆسووتاندنی شەش ئافرەتی نێو خانەی چاكسازی ئەعزەمیەی بەغدا دەربڕی و ئاشكرایكرد، لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە ھۆكاری خۆكوشتنی ئەو ئافرەتانە پێكدەھێنرێت.
پۆلیسی بەغداش رووداوەكەی بە خۆكوشتنی بەكۆمەڵ پێناسەكرد کە بەهۆیەوە شەش ئافرەت گیانیان لەدەستدا و 22 دیکەش بریندار بوون.
ئەو خانەی چاکسازییە، ئەو ژنانە لە خۆ دەگرێت کە بێ ماڵ و حاڵ و کەسن و لەلایەن وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئەو خانمانەی بەهۆی ئاگرەکە نەسووتاون، بۆ خانەیەکی دیکەی چاکسازی گوازراونەتەوە، هۆکاری ئاگرەکەش بۆ شەڕی چەند خانمێک دەگەڕێندرێتەوە کە "کێشەی دەروونیان" هەبووە.
H.J