پۆلیسی سویسڕا بەهۆی اللە اکبر گەنجێک سزا دەدات
گەنجە موسوڵمانەکە هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات
K24 – ههولێر:
پیاوێکی موسوڵمان لە سویسڕا هاوڕێیەکی لەسەر شەقامێکی گشتی دەبینێت و بە عەرەبی دەڵێت "اللە اکبر" دواتر پۆلیس بڕی 190 یۆرۆ سزای دەدات.
رۆژنامەی دەیلی مەیل ئاشکرایکردووە، پۆلیسی شاری شافهاوز لە وڵاتی سویسڕا ساڵی پار گەنجێکی تەمەن 22 ساڵییان بە تۆمەتی بێزارکردنی هاووڵاتیان سزاداوە و لەکاتێکدا ئەو کەسە تەنها ناوی خودای ئیسلامی بە زمانی عەرەبی گوتووە.
ئەو گەنجە بەناوی ئۆرهان لە وڵاتی سویسڕا لەدایکبووە و دەڵێت دووچاری سەرسوڕمان بووە کاتێک هاوڕێیەکی دێرینی بە رێککەوت بینیووە و بۆیە گوتویەتی اللە اکبر، بەڵام پۆلیس دەستگیریان کردووە و پێیان گوتووە گەر سزای سەرپێچییەکەی نەدات، ئەوا زیندانی دەکرێت.
لای خۆیەوە وتەبێژی پۆلیس لەبارەی ئەو رووداوە دەڵێت: "ئەگەر هەبووە بە وتنی ئەو رستەیە، خەڵکی بترسن".
لە دوای گەشەی رێکخراوی داعش لە سووریا و عێراق، لە چەند وڵاتێکی ئەوروپییش ئەو رێکخراوە چالاکی ئەنجامدا و لە زۆربەی چالاکییەکان، هێرشبەرەکان هاواریان دەکرد "اللە اکبر".
ئەمەش وایکردووە، پۆلیسی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا ئەو رستەیە بە مەترسی بۆخۆیان بزانن لە کاتێکدا یەکێکە لە رستە پیرۆز و زۆر بڵاوەکانی خەڵکانی موسوڵمان.
H.J