ئومێد خۆشناو: پلانی ژینگەیی کابینەی نۆیەم لە هەولێر سەرکەوتنی بەدەستهێنا

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا، توانراوە شۆڕشێکی گەورە لە بواری ژینگەپارێزیدا بەرپا بکرێت و ساڵی 2024، هەولێر لە لیستی شارە پیسبووەکانی جیهان دەرهێنرا.

شەممە 12ـی ئەیلوولی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند، پاککردنەوە و پاراستنی ژینگە یەکێکە لە کارە هەرە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات خودی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، بەردەوام لەسەر هێڵ بووە و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بۆ بایەخدان بە پرسی ژینگە.

 پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە ساڵانی رابردوودا رەوشی ژینگەی هەولێر لە ئاستێکی باشدا نەبوو، بەڵام لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیژیدا کۆمەڵێک هەنگاوی بنەڕەتی گیرانەبەر، لەوانە: بەرزکردنەوەی رێژەی سەوزایی لە رێگەی زیادکردنی ژمارەی پارکەکان و سەوزکردنی دوورگەی ناوەندیی شەقامەکان و ئەو شوێنانەی پێویستیان پێی بوو. 

هەروەها پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر کە پڕۆژەکە لە هەشت قۆناخ پێکدێت و ئێستا قۆناغی سێیەمی کارەکانی جێبەجێ دەکرێت، بە تەواوبوونیشی هەولێر دەباتە قۆناغێکی زۆر گرنگی ژینگەپارێزی. 

پارێزگاری هەولێر گوتیشی: " رێکار بەرامبەر سەرچاوەکانی پیسبوونی شارەکە گیراوەتەبەر، ئەمەش بە گرتنەبەری رێوشوێنی توند و داخستنی ئەو پاڵاوگە نایاساییانەی ژینگە پیس دەکەن و گونجاندنی پاڵاوگە یاساییەکانیش لەگەڵ ستانداردی جیهانی، هاوکات لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا.

راشیگەیاند، یەکێکی دیکە لە کارە گرنگەکانی حکوومەت بۆ پاراستن و پاککردنەوەی ژینگە، پڕۆژەی رووناکی و کەمکردنەوەی مۆلیدەکان بووە، لەمبارەیەوە گوتی: " کوژاندنەوە و کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی مۆلیدە ئەهلییەکان لە سایەی پڕۆژەی رووناکیدا، سەپاندنی رێنمایی توند بەسەر ئەو مۆلیدانەی لە کاردان، لەگەڵ پابەندکردنی چێشتخانە و کافێ و شوێنە دووکەڵاوییەکان بە رێکارە ژینگەییەکان، رێگربووە لەوەی هەوای شارەکە بە دووکەڵی ژەهراوی دابپۆشرێت و تەندروستی دانیشووانی شارەکە بخاتە مەترسییەوە”.

ئومێد خۆشناو رایگەیاند، ساڵی 2023 بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و مامۆستایانی زانکۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان، رووپێوییەکی زانستی بۆ ژینگەی هەولێر ئەنجام درا، ئەو کاتە ئەنجامەکەی زۆر نەرێنی بوو، هەروەها لە راپۆرتی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانیشدا هەولێر و بەغدا لە ریزی ئەو شارانەدا پۆلێنکرابوون ژینگەیان پیسە، بەڵام بەهۆی ئەو رێکارانەی حکوومەت ماوەی کابینەی نۆیەم و هۆشیاریی هاووڵاتییانەوە، لە ساڵانی 2024 و 2025 هەمان ئەو ئاژانسە نێودەوڵەتییانە لە راپۆرتە ساڵانەکانیاندا هەولێریان لە ریزی شارە پیسبووەکان دەرهێناوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر دووپاتیکردەوە، پرسی ژینگەپارێزی لای ئەوان وەک پرۆسەیەکی هەمیشەیی و بەردەوام کاروانەکەی دەڕوات و بەردەوام دەبێت، نەک وەک هەڵمەتێکی کاتی.

بەگوێرەی ئاماری فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی کابینەی نۆیەم، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندان پارک و باخچە دروستکراون یان نۆژەنکراونەتەوە، بە هۆیەوە رێژەی سەوزایی شارەکە لە 15% بۆ 20% بەرزبووەتەوە، هەروەها سیستەمی چاودێری بەسەر پرۆژەکاندا توندتر کراوە و پێدانی هەر رەزامەندییەک بۆ پرۆژە پیشەسازی و بازرگانییەکان، بەستراوەتەوە بە پابەندبوونی تەواویان بە مەرجە ژینگەییەکان و کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکان.

هەروەها زیاتر لە 6 هەزار مۆلیدەی کارەبا کوژێندراوەتەوە، و 4 وێستگە بۆ هەڵسەنگاندنی کوالێتی هەوا، 34 ملیۆن مەتر دووجا ئاگربڕ بۆ پاراستنی دارستانەکان لە ئاگرکەوتنەوە دروستکراوە، ئەمە جگە لە پرۆژە گەورە و سترایتژییەکی حکوومەت بە ناوی پشتێنەی سەوزایی هەولێر کە بە شێوەی بازنەیی و بە پانی 2 کیلۆمەتر بە چواردەوری شارەکە دروستدەکرێت و ئێستا قۆناخی یەکەم و دووەمی تەواوکراوە و کارکردن لە قۆناخی سێییەم بەردەوامە، هاوکات بە گوێرەی پلان و بڕیاری حکوومەت لەم پرۆژەیەدا، 7.7 ملیۆن نەمامی زەیتون و فستق دەچێندرێت، 10 پۆندی ئاویش بۆ ئاودێری دار و نەمامەکان لە ناو پرۆژەکە دروست دەکرێت، ئەم پرۆژەیە دەتوانێت رێگری بکات لە بە بیابانبوون و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هەروەها بەرهەمی ناوخۆیی زیاد دەکات و هەلی کاریش بۆ کرێکارانی ناوخۆیی دەڕەخسێنێت، جگە لەوانەش هەوا خاوێن دەکاتەوە و رێگری دەکات لە خۆڵبارین و ژینگەیەکی تەندروست و گونجاوی ژیانکردن بە هاووڵاتییان دەبەخشێت.