رووسیا دەیەوێت لەسەر حیسابی کورد ئەنقەرە و دیمە‌شق رێکبخا

مۆسکۆ بژاردەی رێککەوتنی ئەدەنە دەداتە تورکیا و سووریا

K24 – هه‌ولێر:

سووریا داوا لە تورکیا دەکات هێزەکانی لە وڵاتەکەی بکشێنێتەوە و کۆتایی بە پاڵپشتیکردنی هێزە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان بهێنێت ئەگەر دەیەوێت رێککەوتنی ئەدەنە جێبەجێبکرێت.

پێشتر رووسیا داوای لە تورکیا و سووریا کردبوو رێککەوتنی ساڵی 1998ی ئەدەنە زیندوو بکەنەوە و بە گوێرەی ئەو رێککەوتنە کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

رێککەوتنی ئەدەنە چییە؟

لە ساڵی 1998، رێککەوتنی ئەدەنە لە لایەن تورکیا و سووریاوە واژۆ کرا، کاتێک ئەو دوو وڵاتە نزیک بوو جەنگ بەرامبەر بە یەکتر رابگەیەنن.

سووریا،عەبدوڵا ئۆجەلان، رابەری پارتی کرێکارانی کوردستانی داڵدەدا بوو و رێگەشی بە کاروچالاکی پەکەکە دەدا لە سنوورەکانی، بەڵام بەو رێککەوتنە، سووریا ئۆجەلانی لە وڵاتەکەی وەدەرنا و بارەگاکانی پەکەکەشی داخست.

بەشار ئەسەد لە دوای رێککەوتنەکە رایگەیاندبوو: "دەرکردنی ئۆجەلان بێ مەترسی نەبوو، بەڵام ئێمە تورکیامان پێ باشتر بوو. دەمانتوانی لەگەڵ کوردەکان پەیوەندیمان باش بکەین و تورکەکان لەدەست بدەین، بەڵام ئێمە تورکیامان پێ باشتر بوو، بۆیە ئۆجەلانمان وەدەرنا".

بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، سووریا دەبوو بە تەواوی سنوورەکانی لە پەکەکە بپارێزێت و هیچ مەترسییەک بۆ تورکیا دروست نەکات.

وەڵامی سووریا بۆ داواکەی رووسیا

سووریا لاری نییە لە گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنامەیە، بەڵام مەرجی ئەوەیە، تورکیا هێزەکانی لە خاکی سووریا بکشێنێتەوە و میلیشیاکانی نزیک لە تورکیاش پاڵپشتی نەکرێن، بۆ ئەمەش، رووسیا هاوبیرە لەگەڵ دیمەشق و پێشتر ئەو پەیامەی داوە بە ئەنقەرە کە دەبێت سووریا خاکەکەی خۆی بەڕێوەبەرێت.

هەرچی هێزەکانی یەپەگە و پەیەدەیە، ئاماژەیان بەوە داوە، ئەوان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، لەگەڵ حکومەتی سووریا گفتوگۆ دەکەن و دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن.

لای خۆیەوە تورکیا، سوورە لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دژی هێزەکانی یەپەگە و کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان، بەڵام ئەردۆغان لە دواین لێدوانی رایگەیندووە، رێککەوتننامەی ئەدەنە هێشتا زیندووە و کاری پێدەکرێت.

مەولود چاوشئۆغلۆ، لەو بارەوە رایگەیاندووە: "پوتن ئاماژەی بەوە داوە کە تورکیا دەتوانێت دەستێوەردانی سەربازیی لە سووریا بکات، ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە بۆ ئێمە".

ئەوەی کارەکان بۆ یەپەگە تەواو سەختر دەکات، ئەوەیە، سووریا یەپەگە هاوشێوەی پەکەکە بە گروپێکی تیرۆرستی لەقەڵەم بدا و کۆتایی بە خۆبەڕێوبەریی رۆژئاوای کوردستان بهێنێت، بەڵام ئەو هێزە کوردییانە دەیانەوێت، لەگەڵ دیمەشق بگەنە رێککەوتن و پێش بەو کارە بگرن.

Arab News, Hurrieyt 

H.J