75 ساڵ بەسەر گەمارۆدانی لینینگراد تێپەڕدەبێت

بۆچی کۆبانێ وەکو لینینگرادی دووەم سەیر دەکرێت؟

K24 – هه‌ولێر:

لینینگراد پایتەختی سیاسی یەکێتی سۆڤیەت بوو، جیالەوەش، بە شاری ئەدەب و هونەر و مۆسیقا لە شارەکانی دیکەی یەکێتی سۆڤیەت جیا دەکرایەوە.

لە درێژەی جەنگی جیهانی دووەم، نازییە ئەڵمانییەکان لە 8ی ئەیلوولی ساڵی 1941 گەمارۆی شاری لینینگرادیان لە رووسیادا و تا 27 کانوونی دوووەمی ساڵی 1994 بەردەوام بوو.

وزارەتی ناوخۆی ئەو کاتی یەکێتی سۆڤیەت(NKVD) ئاشکرایکردبوو، لە 31 کانوونی یەکەمی ساڵی 1941، یەکەم حاڵەتی خواردنی گۆشتی مرۆڤ لە برسا تۆمار کرا، دواتر حاڵەتەکە زیادی کرد.

پۆلیسی شارەکە لە ماوەی یەکساڵدا، دوو هەزار و 105 کەسییان بۆ تۆمەتی خواردنی گۆشتی مرۆڤ تۆمەتبار کرد، دواتر ئەمانە کران بە دوو بەشەوە، ئەوانەی لاشەی مردووی مرۆڤیان دەخوارد و ئەوانەشی مرۆڤیان دەکووشت و دەیانخوارد.

برسێتی و نەبوونی خواردن بەجۆرێک دانیشتوانی لینینگرادی پەرۆش کردبوو، تەواوی ئامارەکانی تووندووتیژیی هەڵکشابوو، لە شەش مانگی یەکەمدا، یەک هەزار و 216 کەس بە رووداوی جیاواز کوژران و لە برساش، مانگانە هەزاران کەس دەمردن.

لە 27ی کانوونی دووەمی ساڵی 1944، سوپای سووری سۆڤیەت، نازییەکانیان لە باشووری لینینگراد شکاند و تا هاوینی ئەو ساڵە، شارەکە بە تەواوی ئازاد کرا.

یەک ملیۆن و 200 هەزار هاووڵاتی بەهۆی گەمارۆی نازییەکان لەو شارە گیانیان لەدەستدا و سوپای سۆڤیەتیش توانیان بە دروستکردنی دەرچەی جیاواز لەو چوار ساڵەدا، یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس رزگار بکەن.

بەرگری لینینگراد یەکێکە سیمبولەکانی ئازایەتیی لە جیهان بەوەی، تەواوی پێکهاتەکانی شارەکە، دەستیان دایە چەک و تا هاتنی مەرگ، جەنگیان دژ بە ئەڵمانەکان کرد.

ئەوەی زیاتر مایەی شانازی رووسەکانە ئەوەیە، کچ و ژنانی رووس، هاوشێوەی پیاوان چوونە بەرەکانی جەنگ و بەرگریان لە شارەکەیان کرد.

لە دوای هاتنی داعش بۆ رۆژئاوا و باشووری کوردستان، ئازایەتی ژنانی کورد، جارێکی دیکە جەنگی لینینگرادی بە بیر جیهان هێنایەوە، بەتایبەت لە شاری کۆبانێ، کە ئەو شارە بە تەواوی گەمارۆ درابوو.

گەمارۆدانی لینینگراد

یادکردنەوەی ئازادکردنی شاری لینینگراد لە  رووسیا 2019

H.J