یەکێتی ئەوروپا هەڵوێستی خۆی لەبارەی سزاکانی ئێران رادەگەیەنێت
یەکێتی ئەوروپا کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات
K24 – ههولێر:
تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئێران، ئاڵۆزی خستووەتەوە نێوان ئەوروپا و ئێران، یەکێتی ئەوروپاش خۆی یەکلایی دەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 29/01/2019، عەلی شامخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران رایگەیاند: "ئێران پەرە بە تەکنەلۆژیای باشتر ئامانج پێکانی مووشەکەکانی دەدات، بەڵام هیچ مەبەستێکی نییە مەودا بڕی مووشەکەکانی زیاد بکات".
لەبارەی نیگەرانییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپاش، ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگری ئێران دەڵێت: "دوژمنان دەڵێن دەبێت ئێران دەست لە مووشەکەکانی هەڵگرێت، بەڵام ئێمە چەند جارێک گووتومانە، گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدان بە توانای مووشەکەکانمان ناکەین".
ئەوروپا و سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران
ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا رەتیانکردەوە پابەندی سزاکانی ئەمەریکا ببن و رایانگەیاند کە مێکانیزمێکی تایبەت لەگەڵ ئێران پەیڕەو دەکەن، تاکو سزاکانی ئەمەریکا کار نەکاتە سەر بازرگانی ئەو سێ وڵاتە لەگەڵ ئێران.
تاکو ئێستاش، ئەو سێ وڵاتە سوورن لەسەر پەیڕەوکردنی ئەو مێکانیزمە، بەڵام ئەو سێ وڵاتە بە تەنها نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا ناکەن کە لە 28 وڵات پێکهاتووە.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی، ئیسپانیا و ئیتاڵیا دژی مێکانیزمەکەی سێ وڵاتەکەی دیکەی ئەوروپان و پەسەندی ناکەن.
بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵوێستی فەرمی یەکێتی ئەوروپا لەسەر سزاکانی ئەمەریکا، یەکێتی ئەوروپا، 12ی مانگی داهاتوو- شوبات کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر ئەو مێکانیزمە دەدات کە رەنگە ئەوروپا دژی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران پەیڕەوی بکات.
ئەڵمانیا تا رادەیەک هەڵوێستی لەسەر ئێران گۆڕاوە، پێشتر هێڵی فڕۆکەوانی ماهانی ئێرانی سزادا و لە نوێترین لێدوانیشیدا، ئەنگێلا مێرکڵ راگەیاندووە، دەبێت هێزەکانی ئێران لە نزیک بەرزاییەکانی جولان کە دەکەوێتە نێوان سنووری ئیسرائیل و سووریا، بکشێنەوە.
چەند وڵاتێکی دیکەش، ئێران بە هەوڵی کوشتنی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە وڵاتەکانیان تۆمەتبار دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە رێککەوتنامەی ساڵی ٢٠١٥ی ئێران کشایەوە و هۆکارەکەشی بۆ دەستێوەردانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەڕاندەوە. ئێستاش، 12 خاڵی دیاریکردووە کە دەبێت کۆماری ئیسلامی ئێران پابەندی بێت تاکو رێککەوتنی لەگەڵ بکات.
H.J