سەركردەیەكی كۆمارییەكان بەرەنگاری ترەمپ دەبێتەوە

بڕەكەی ترەمپ بە بڕیارێكی نادروست وەسف دەكات

K24 - ھەولێر

سەکردەیەکی کۆمارییەکانی ئەمەریكا، لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەكەی لە سووریا بەرەنگاری دۆناڵد ترەمپ دەبێتەوە.

میچ ماککۆنێڵ، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران لە رێگەی پێشنیازکردنی هەموارێکی یاسایی بەرەنگاری بڕیارەكەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا دەبێتەوە.

ماککۆنێڵ، بڕیارەكەی ترەمپ بە بڕیارێکی بەپەلە و نادروست وەسف دەكات و دەخوازێت لە رێگەی ئەو هەموارە یاساییە رێگری لە کشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا و ئەفغانستان بکات.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوو، کە لە هەر یەکە لە وڵاتانی سووریا و ئەفغانستان جەنگ بەردەوامە و کێشەکانیش پێویستیان بە چارەسەری سیاسیی هەیە.

ھەر پەیوەست بە كشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا سیناتۆرێکی ئەمەریکی پڕۆژە بڕیارێک بۆ پاراستنی کورد لە رۆژئاوای كوردستان پێشنیاز دەکات.

سیناتۆر جۆن کێنێدی، پڕۆژە بڕیاری بەکارهێنانی هێزی بۆ پاراستنی کوردی لە سووریا پێشنیاز کردووە، بۆ ئەوەی بخرێتە چوارچێوەی پڕۆژە بڕیاری بەهێزکردنی ئاسایشی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کێنێدی لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، کە دەبێت وڵاتەكەی بە رەوشت و بەرپرسیاریەوە سیاسەتی دەرەوەی پەیڕەو بکات. کورد لە سووریا هاوكاری ئەمەریکا بوون لە شەڕی دژی داعش و ناکرێت بەجێ بهێڵدرێن. لە رێگەی ئەو هەموارە یاساییە دەر دەکەوێت ئەمەریکا هاوكاری کورد لە یاد ناکات و دڵنیایی پاراستنی کوردیش دەدات.