یەكێتی بڕیار لەسەر رێككەوتن لەگەڵ پارتی دەدات

ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی كۆدەبێتەوە

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دەدات.

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی لە سلێمانی كۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو رەشنووسە دەكرێت، كە لەنێوان یەكێتی و پارتی ھەیە بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و پرسەكانی كەركووك و بەغدا. ھەروەھا بۆ ئەوەیە ئەندامانی سەركردایەتی بۆچوونی خۆیان لەبارەی گفتوگۆكانی نێوان پارتی و یەكێتی بدەن و شەرعیەتی پێبدرێت".

سەبارەت بە دیاركردنی كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش گوتی: "ھەر لەو كۆبوونەوەیەدا رەنگە یەكێتی كاندید بۆ سەرۆكی پەرلەمان دیار بكات، چونكە كات نەماوە و دوو رۆژی دیكە پەرلەمان كۆدەبێتەوە".

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی دوای ئەوە دێت، كه‌ دوێنێ شاندی مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی لەبارەی رێككەوتن بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.

ھ.م