رۆزڤێڵت و دوو هەزار سەربازی ئەمریکی بەرەو ئێران بەڕێکەوتن

بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرایکرد، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری سەربازیی تیۆدۆر رۆزڤێڵت لەگەڵ کەشتیگەلە هێرشبەرەکەیدا، بنکەی سان دیێگۆیان بەرەو دەوروبەری ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێهێشتووە، هاوکات کاروانێکی دیکەی دەریایی کە زیاتر لە دوو هەزار سەربازی هێزی مارینزی هەڵگرتووە لە رێگادایە بۆ ناوچەکە.

پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەرپرسێکی ئەمریکی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "جەزیرە" روونیکردەوە، کەشتیگەلی دابەزاندنی دەریایی "ماکۆن ئایلاند" کە زیاتر لە دوو هەزار سەربازی مارینزی لەسەرە، دووشەممەی رابردوو بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتووە. رایگەیاند،، تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو، سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و دوو گرووپی دابەزاندنی دەریایی لە دەوروبەری ئێران جێگیر دەکرێن، ئەمەش دەسەڵات و بژاردەی سەربازیی فراوان بە فەرماندە ئەمریکییەکان دەبەخشێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێراندا.

هاوکات لەگەڵ ئەم جوڵە سەربازییانەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ گۆڤاری "تایم" هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی بۆردومانی چڕی بۆ سەر ئێران دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کرد و گوتی: "لە سەرەتادا دەمویست جەنگی ئێران کورتخایەن بێت، بەڵام ئێستا تا کۆتایی ئەرکەکە بەردەوام دەبم". ترەمپ رایگەیاند،، ئێران بۆ ماوەیەکی کاتی گەرووی هورموزی داخست، بەڵام ئێستا کۆنترۆڵ بە دەستی ئەمریکایە و گوتیشی: "هەر مەرجێک لە سەرەتای دانوستانەکاندا رەتمکردبێتەوە، ئەمڕۆش رەتیدەکەمەوە".

ئەم گرژییە سەربازییانە لە کاتێکدایە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە، تاران لە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا راناکات و ئێستا لایەنی ئێرانی تاوتوێی وەڵامی واشنتن لەبارەی مەرجەکانی وتووێژ دەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تاران پێشنیازی پلانێکی 7 رۆژەی بۆ بونیاتنانی متمانە خستووەتەڕوو راگرتنی سەرجەم کردەوە شەڕەنگێزییەکان لە ئێران و لوبنان، ئازادکردنی ملیاران دۆلار لە سەرمایەی سڕکراوی تاران، هەڵگرتنی سزاکانی سەر کەرتی نەوت و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران لەخۆدەگرێت، لە بەرامبەردا ئێران رێگە دەدات هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورموزدا بە تەواوی ئاسایی ببێتەوە و دانوستانە ئەتۆمییەکان دەستپێبکەنەوە.