ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە
"ھیچ بڕیارێك بۆ دواخستنی كۆبوونەوەكە نەدراوە"
K24 - ھەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بۆ دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی كۆببێتەوە و ھیچ بڕیارێك لەبارەی دواخستنی نەدراوە.
بەپێی ئەو وادەیەی كە پارتی و یەكێتی و دواتریش لایەنەكانی دیكە و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەسەری رێككەوتوون، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە، بۆ تەواوكردنی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، كە تا ئێستا دانیشتنەكە بە كراوەیی ماوەتەوە.
ھەرچەندە یەكێتی رایگەیاندبوو كە ھەوڵی دواخستنی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان دەدەن، بەڵام ئومێد خۆشناو، پەرلەمانتاری پارتی بە كوردستان24ـی راگەیاند، تا ئێستا ھیچ بڕیارێك بۆ دواخستنی كۆبوونەوەكە نەدراوە و بەپێی ئەو بانگھێشتنامەیە، كە سەرۆكی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بۆ پەرلەمانتارانی ناردووە، ئەمرۆ پەرلەمان كۆدەبێتەوە.
بە گوێرەی رێككەوتنی نێوان لایەنەكان، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دراوە بە یەكێتی، بەڵام تا ئێستا ئەو حزبە كاندیدی خۆی یەكلا نەكردۆتەوە و پارتی كاندیدی خۆی بۆ جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان دیاریكردووە و جێگری دووەمیش دەدرێتە پێكھاتەكان، كە بە ھەڵبژاردن لەنێو پەرلەمانتاراندا ھەڵدەبژێردرێت.
ھ.م