پێشبینیدەکرێت هەفتەی داهاتوو نرخی بەنزین لە سلێمانی داببەزێت
سەرچاوەیەک لە بازاڕی سووتەمەنیی سلێمانی بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، پێشبینیدەکرێت لە هەفتەی داهاتووەوە نرخی سەرجەم جۆرەکانی بەنزین لە نێوان 50 بۆ 100 دینار بۆ هەر لیترێک داببەزێت، ئەمەش دوای رەخسانی چەند هۆکارێکی بازاڕ و جێگیربوونی هێڵی هاوردەکردنی کەرەستە سەرەکییەکان.
پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەک لە بازاڕی سووتەمەنیی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو دابەزینە، دابەشکردنی بەردەوامی بەنزینی 750 دینارییە بەبێ دروستبوونی هیچ گرفتێک، بۆیە رۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی گوشار لەسەر بەنزینی بازرگانی لە بازاڕەکاندا. هاوکات هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە بەهۆی بە هەڵپەسێردراوی مانەوەی جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمریکادا، ئەو پاڵاوگە ئێرانییانەی ماددەی باشکەری بەنزینیان لێ هاوردە دەکرا بۆ سلێمانی بەردەوامن لە کارکردن و رووبەڕووی بۆردومان نەبوونەتەوە، بەمەش ئەو ماددە سەرەکییە بەبێ گرفت دەگاتە سنوورەکە.
رایگەیاندووە، گۆڕانی کەشوهەوا و بەرەو فێنکبوونی وەرز هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی نرخەکانە، بە جۆرێک پێویستیی رۆژانەی پارێزگای سلێمانی بە بەنزین نزیکەی 500 هەزار لیتر کەمتر دەبێتەوە بەراورد بە وەرزی هاوین، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی خواستی بەکاربردن.
ئێستا لە بەنزینخانەکانی سلێمانی، یەک لیتر بەنزینی سۆپەر بە 1،900 دینار، موحەسەن بە 1،750 دینار و نۆڕماڵیش بە 1،200 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە سەرجەم جۆرەکان روو لە هەرزانبوون بکەن.