كچە كوردێك "بە ھۆی پەیوەندیی خۆشەویستییەوە كوژرا"
"ئەو رۆژەی بە پەیوەندییە خۆشەویستییەكهی زانیوە رێگەی نەداوە كچەكەی بچێتە قوتابخانە"
K24 - ھەولێر
كچە كوردێك لە رۆژھەڵاتی كوردستان كوژرا و بەپێی بەدواداچوونی رێكخراوێكی مافی مرۆڤ، ئەو كچە بەھۆی پەیوەندیی خۆشەویستییەوە لەلایەن باوكییەوە كوژراوە.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویكردەوە: "کچێکی تەمەن 18 ساڵەی خەڵکی گوندی دارەلەكی سەر بە شاری مەهاباد بە ناوی لیدا ئەحمەدزادە، بە دەستی باوکی کوژرا".
بەپێی راپۆرتی ئەو رێكخراوە: "پێشتر بڵاو کرابووەوە کە لیدا خۆی کوشتووە، بەڵام دوای بەدواداچوونەکانی هەنگاو، دەرکەوت کە ناوبراو بە بیانووی هەبوونی پەیوەندیی خۆشەویستی و لەلایەن باوکییەوە کوژراوە".
رێكخراوی ھەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی بەوە داوە: "دوای ئەوەی باوکی لیدا ئاگادار کراوەتەوە، کە کچەکەی پەیوەندیی خۆشەویستی هەیە، نەیهێشتووە كچەكەی بڕوات بۆ قوتابخانە و بە چەکی تاپڕ کوشتوویەتی".
ئەوەش خراوەتەڕوو: "جووتیار و ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێرانیشە".
وەك ئەو رێكخراوە ئاماژەی پێكردووە، دوو ھەفتە بەر لە ئێستا، کچێکی تەمەن 16 ساڵی خەڵکی دیواندەرە بە ناوی هۆزان خواهشی، بە بیانووی هەبوونی پەیوەندیی خۆشەویستی لەلایەن باوکییەوە کوژرابوو.

ھ.م