به‌لجيكا پيرۆزبايى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌ سه‌رۆك بارزانى ده‌كات

ئەوەی بە هەنگاوێكی ئیجابی لە پێشڤەچوونی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم لە قەڵەمدا

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەلێكساندەر دیكرۆ، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی بەلجیكا و كریستۆس سپێڵانز، كۆمسیاری یەكێتیی ئەوڕوپا بۆ یارمه‌تیی مرۆیی كرد.

لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و دروستكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا هەبوو و ڕایشیگەیاند، كە هاتنیان دووپاتكردنەوەی ئەو پەیامەیە، كە یەكێتیی ئەوڕوپا و بەلجیكا پشتگیریی ئەو هەوڵانە دەكەن، كە لە كوردستان و عێراق بۆ پێشكەوتن و بەدیهاتنی سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ئارادان.

ئەوەیشی خستەڕوو، لەم ڕووەوە هێشتا كاری زۆر ماوە ،كە پێویستە ئەنجام بدرێن، بۆیەشە بەلجیكا و یەكێتیی ئەوڕوپا وەك هاوبەشی هەرێمی كوردستان دەمێننەوە و پابەند دەبن بەو هاوبەشییە. سوپاسی دامودەزگای هەرێمی كوردستانیشی كرد، كە لە كاتی قەیران و تەحەددییاتەكاندا هاوكاری یەكێتیی ئەوڕوپا و جیهان بوونە، بە تایبەت لە پرسی تیرۆر و هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران.

پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی كوردستانیش، جێگری سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا، پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پارلەمانی كوردستان و ئەوەی بە هەنگاوێكی ئیجابی لە پێشڤەچوونی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم لە قەڵەم دا.

شاندی میوان تەئكیدی لەوەیش كردەوە، كە سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی عێراق و كوردستان بۆ یەكێتیی ئەوڕوپا بایەخی تایبەتیی خۆی هەیە.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی بەلجیكا و یەكێتیی ئەوڕوپا و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتیی دژی داعشی كرد، كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوونە. ئه‌مه‌و وێڕای جەختكردنەوە لەوەی، كە ئەو هاوكارییە ئەنجامی باشی هەبووە. ئەوەیشی دووپات كردەوە، كە فەرهەنگی گەلی كوردستان ڕێگە بەوە نادات تیرۆریستان پێگەیان لە كوردستان هەبێت و سووربوونی كوردستانیشی لە دژایەتیكردنی تیرۆریستان بە شاندی میوان ڕاگەیاند.

لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمیشه‌وه‌، سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە گرنگیی و مێژووییبوونی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی یەكەم ئافرەت بە سەرۆكی پارلەمان و هەروەها جێگرێكی ئافرەت بۆ سەرۆكایەتیی پارلەمانی كوردستانی، بە ئاماژەیەكی زۆر باش زانی لە گەشەسەندنی سیاسی و پێشڤەچوونی كولتووری سیاسیی لە هەرێمی كوردستان.

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا، هەڕەشەكانی هزری تیرۆر و توندڕۆیی لەسەر ئاسایشی ناوچەكە و جیهان تاوتوێ كرا و هەردوو لا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون، كە بۆ ڕیشەكێشكردنی تیرۆر، جگە لە شەڕی سەربازی، پێویستە شەڕی ئایدیۆلۆژیای تیرۆریش بكرێت.

بارودۆخی سووریا و هەروەها پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ و گەڕانەوەی ئاوارەكانیش، تەوەری تری ئەو دیدارە بوون و لەبارەی بارودۆخی سووریاش، سەرۆك بارزانی نیگەرانییەكانی خۆی سەبارەت بە ئاییندەی كورد لە سووریا بە شاندی میوان ڕاگەیاند و جەختیشی لەوە كردەوە، كە پێشهاتە سیاسی و مەیدانییەكانی سووریا نەبنە هۆی ئەوەی زیانی زیاتر بە خەڵكی سووریا و گەلی كورد لە سووریا بكەوێت.