یەكێتی دوا ھەڵوێستی خۆی لەگەڵ ئۆرگانەكانی تاوتوێ دەكات

سەركردایەتی و ئۆرگانەكانی یەكێتی لە سلێمانی كۆدەبنەوە

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان لەنێوان سەركردایەتی و ئۆرگانەكانی یەكێتی بەڕێوەبچێت، كه‌ تێیدا دوا ھەڵوێستی یەكێتی لەبارەی بەشداریكردن لە پڕۆسەی سیاسی لە ھەرێمی كوردستان، تاوتوێ ده‌كرێت.

له‌تیف شێخ عومه‌ر، وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بە میدیای حزبەكەی راگه‌یاندووه‌: "مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، كۆبوونەوەیەكی فراوان بۆ ئەنجوومەنی‌ ناوەند و مەڵبەند و كۆمیتەكان ئەنجام دەدات، كە زۆربەی كادیران بەشدار دەبن. گشتاندنەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی‌، كە ئاراستەی‌ ئەنجومەنی‌ ناوەند و مەڵبەند و كۆمیتەكان كراوە و تایبەتە بە خستنەڕووی‌ دوایین هەڵویستی‌ یەكێتی‌ سەبارەت بە گۆڕانكارییە سیاسییەكان، بۆ كادیران روون دەكرێـتەوە".

بەپێی زانیارییەكانی كوردستان24، لەو كۆبوونەوەیەدا یەكێتی دوا ھەڵوێستی خۆی دەخاتەڕوو.

ئەو كۆبوونەوەیە كە لە تەلاری هونەر لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت، دوای ئەوە دێت، كە بە بڕیاری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، فراكسیۆنی ئەو حزبە بەشداری لە كۆبوونەوەی رۆژی 18/2/2019 نەكرد، كە تێیدا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ھەڵبژێردرا.

ھ.م