هێڵى پێشەوەى هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق دیار دەکرێت

پێشمەرگە و سوپای عێراق دەست بە كاری ھاوبەش دەكەن

K24 - ھەولێر

دوای پێكھێنانی چەند لیژنەیەك لە نێوانیان، وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەستیان بە كاری ھاوبەش كردووە و لە یەكەم كاریشدا، رووپێوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان دەكەن و ھێڵی پێشەوە بۆ ھێزەكان دیار دەكەن.

‌فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتى پێشمەرگە بە وێبسایتی وەزارەتی پێشمەرگەی راگەیاندووە: "ئامانجى پێکهێنانى لیژنەى هاوبەش لەلایەن وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى بەرگریى عێراق، بۆ رووپێوکردنى ناوچە كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانه‌، لەسەر بنەماى ئەو رووپێویە، هێڵى پێشەوەى هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق دیارى دەکرێت، لیژنه‌كان تا ئێستا له‌ سنوورى نێوان قەزاکانى کفرى و خورماتوو به‌رده‌وامن له‌سه‌ر كاره‌كانیان".

ئاماژەی بەوەشكردووە: "ئەو ناوچانەى هێزیان زۆر تێدا بێت، جا پێشمەرگە بێت، یان سوپای عێراق، دەیانکێشینەوە، ئەو ناوچانەش هەڕەشەى داعشیان لەسەرە، هێزیان تێدا زیاد دەکەین".

ھ.م