بۆ یه‌كه‌مجار له مێژوودا سعوودیه ژنێكی وه‌ك باڵیۆز ده‌ستنیشان كرد
سعوودیه ریما به‌نده‌ر سوڵتانی كرده باڵیۆزی خۆی له ئه‌مه‌ریكا

K24 - هه‌ولێر:
ریما به‌نده‌ر سوڵتان، وه‌كو یه‌كه‌م ژن له مێژووی سعوودیه‌دا، وه‌كو باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ی له ئه‌مه‌ریكا ده‌ستنیشان كرا.
ریما كه ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌ی شاهانه‌ی سعوودیه‌یه، پێشتر له بواری كار و بازرگانیدا بووه و دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری كۆمپانیای "ریمیه" بووه و له رێگه‌ی بازرگانییه‌وه هاتووه‌ته ناو دنیای سیاسه‌ت.
پێشتریش ئه‌ندام و راوێژكاری چه‌ندین كۆمپانیای نێوده‌وڵه‌تی بووه، پێشتریش هه‌ڵمه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی راگه‌یاندووه به‌ناوی "KSA10"، كه ئامانجی به‌رزكردنه‌وه‌ی هۆشیاری ته‌ندرووستی بووه له سعوودیه و هه‌ڵمه‌ته‌كه‌شی له كتێبی گینیسدا، بۆ ژماره پێوانه‌یی، تۆماركراوه.
دواتریش كۆمپانیای "الف خیر"ی دامه‌زراند، كه دامه‌زراوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو و سه‌رنجی له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدان و راهێنان بوو بۆ پشتیوانیكردنی هه‌ڵمه‌تی به‌رزكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی مرۆیی له سعوودیه و هاوكاریكردنی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت له چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان.
گۆڤاری "فۆربسی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست"، له ساڵێ 2014 به یه‌كێك له 200 ژنه به‌هێزه‌كان وه‌سفیكردووه و خه‌ڵاتی "محه‌مه‌د بن را‌شد ئال مه‌كتوم بۆ داهێنانی وه‌رزشی پێدراوه له ساڵی 2017".
ریما بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له زانكۆی "جۆرج واشنتن"ی ئه‌مه‌ریكا له بواری پاراستنی شوێنه‌واره مێژووییه‌كان به‌ده‌ستهێناوه.
پێشتریش به‌نده‌ر سوڵتانی باوكی، ماوه‌ی 22 ساڵ له پۆستی باڵیۆزی سعوودیه بووه له ئه‌مه‌ریكا.
ئ. م