وەڵامێکی کیم دڵی ترەمپ خۆش دەکات

سەرۆکانی ئەمەریکا و کۆریای باکوور گەشبینن بە رێککەوتن

K24 – هه‌ولێر:

کیم جونگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، ئامادەیی خۆی بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمی دەربڕی و ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکاش پێی دڵخۆشە.

دوای هەشت مانگ، دوێنێ چوارشەممە، بۆ جاری دووەم، دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆنگ ئون، لە هانۆی پایتەختی ڤێتنام، کۆبوونەوە.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیاری ئەگه‌ری ده‌ست هه‌ڵگرتنی کۆریا لە چەکی ئەتۆمی، کیم رایگەیاند: "ئەگەر نەمویستایە ئەوە بکەم، ئێستا لێرە نەدەبووم".

ترەمپیش وەڵامەکەی لا دڵخۆشکەر بوو و لە دوای ئەو لێدوانەی کیم، گوتی: "ئەمە رەنگە باشترین وەڵام بێت، کە ئێوە تاکو ئێستا گوێتان لێ بووبێت".

ئەمەریکا دەیەوێت، کۆریای باکوور دەست لە تەواوی مووشەک و چەکە ئەتۆمییەکانی هەڵبگرێت، لە بەرامبەردا، کۆریای باکوور دەیەوێت، واشنتن "چەترە ئەتۆمییەکانی" لە کۆریای باشوور و ژاپۆن بکشێنێتەوە.

ئەگەرچی تاکو ئێستا پرۆسەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی و چارەسەری کێشە گەورەکان، دەستی پێ نەکردووە و هەردوولا داوای کاتی زیاتر دەکەن، به‌ڵام ئەو دوو سەرۆکە گەشبینن بەوەی کێشەکانیان چارەسەر دەکەن.

Reuters

H,J