لێدوانی بەرپرسێکی ئەڵمانیا كاردانه‌وه‌ی موسوڵمانانی لێ دەکەوێتەوە

ئەگەر هەیە موسوڵمانێک ببێتە فەرمانڕەوای ئەڵمانیا

K24 – هه‌ولێر:

رالف برینکهاوس، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی کریستیان دیموکرات CDU لە ئەڵمانیا دەڵێت، ئاساییە کەسێکی موسوڵمان ببێتە سەرۆکی پارتەکەیان، ئەمەش کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێناوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی Idea، رالف پرسیاری ئەوەی لێ کرا، ئایا پارتەکە قبووڵ دەکات کەسێکی موسوڵمان ببێتە سەرۆک، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: "بۆ نا؟ ئەگەر سیاسییەکی باش بێت و نوێنەرایەتیی بۆچوون و بەهاکانی ئێمە بکات، ئاساییە".

ڤینسێنت کۆکێرت، بەرپرسێکی دیکەی ئەو پارتە دەسەڵاتدارەی ئەڵمانیا، قسەکانی رالفی رەتکردەوە و رایگەیاند: "بۆ خاتری خودا، ناتوانم بڕوا بەوە بکەم رالف ئەو قسەیەی کردووە".

ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا، ئەم باسە بۆتە جێگای مشتومڕێكی زۆر.

هەندێک لە سیاسییەکانی ئەو پارتە دەڵێن، CDU پارتێکی مەسیحییە، چۆن دەکرێت موسوڵمانێک نوێنەرایەتی بکات، بەڵام هەندێکی دیکە پێیان وایە، نابێت ئەو پارتە لە ئایینێکدا بچووک بكرێتەوە.

لە دوای کۆچکردنی سەدان هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەڵمانیا، بە هۆی مەترسییەکانی تیرۆر و جەنگی ناوخۆ، رێژەی موسوڵمانان لە ئەڵمانیا زیادی کردووە.

هەروەها بە هۆی ئەوەی، خێزانە موسوڵمانەکان منداڵی زیاتر دروست دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ساڵی ئایندەدا، رێژەی موسوڵمانان له‌و وڵاته‌دا زیاتر بکات.

بە گوێرەی توێژینەوەیەکی سەنتەری PEW، رێژەی ئیسلام لە وڵاتی ئەڵمانیا لە ساڵی 2050 لە 6.1% بۆ 19.7% زیاد دەکات، بەمەش چانس زۆرە لە داهاتوودا، کەسێکی موسوڵمان ببێتە فەرمانڕەوای ئەڵمانیا، بۆ ئەوەش، ئەڵمانییەکان بەسەر دووبەرەی جیاوازدا دابەش بوونه‌.

Deutsche welle

Pew research center

H.J