خەزعەلی: ئەمەریكا نەوەیەكی نوێی داعش دروست دەكات
"بەرگرییەكانی عێراق بوو سەركەوتنی بەسەر داعشدا تۆمار كرد، نەوەك ھێزێكی دیكە"
K24 - ھەولێر
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھللحەق، باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بە ھەوڵدان بۆ دروستكردنی نەوەیەكی نوێی داعش تۆمەتبار دەكات.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھللحەق، لە وتارێكیدا بە بۆنەی رۆژی "شەھیدی بەرگری"، باڵیۆزخانەی ئەمەریكای بە ھەوڵدان بۆ دروستكردنی نەوەیەكی نوێی داعش تۆمەتبار كرد و رایگەیاند "بەرگرییەكانی عێراق بوو، سەركەوتنی بەسەر داعشدا تۆمار كرد، نەوەك ھێزێكی دیكە".
خەزعەلی گوتیشی "ئێستا باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، كار بۆ زیندووكردنەوەی نەوەی نوێی داعش لە عێراق دەكات".
ئەو گوتانەی خەزعەلی لە كاتێكدایە، كە ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی عێراق پڕۆژەیەكیان بۆ دەركردنی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق داوەتە سەرۆكی پەرلەمان و داوایان كردووە، كە پڕۆژەكە پەسند بكرێت و حكوومەت پابەند بێت بە جێبەجێكردنی.
ھ.م