دژە مووشەکە رووسییەکان پەیوەندیی واشنتن و ئەنقەرە ئاڵۆز دەکەن
ئەمەریکا هۆشداریی توند دەداتە تورکیا
K24 – ههولێر:
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا هۆشداریی توند دەداتە تورکیا لە بارەی کڕینی سیستمی ئێس-400ی رووسی.
پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا رایگەیاندبوو، تورکیا کۆیلەی کەس نییە و سیستمی دژە مووشەکیی ئێس-400 رووسی هەر دەکڕێت.
بە گوێرەی هەواڵێکی سایتی سپۆتنیک، چارلی سەمەرس، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەگەر تورکیا سیستمی ئێس-400 بکڕێت، دەرئەنجامی زۆر خراپی دەبێت لەسەر پەیوەندییە سەربازییەکان، بەتایبەت بۆ پاتریۆت و ئێف-35".
دەشڵێت: "ئەوان (تورکیا) ناتوانن فڕۆکەی جەنگی ئێف-35 وەربگرن، ئەگەر سیستمی ئێس-400 بکڕێت".
تورکیا دەڵێت ئەوان ئامادەن سیستمی دژە مووشەکیی پاتریۆتی ئەمەریکی بکڕن، بەڵام ئەمە لە کڕینی سیستمی ئێس-400ی رووسی پەشیمانیان ناکاتەوە و لەگەڵ رووسیا رێککەوتون.
هێند نابێت واشنتن و ئەنقەرە پەیوەندییەکانیان ئاسایی بۆتەوە، پێشتر لەسەر قەشەیەک، ئەمەریکا سزای دارایی تورکیای دا و بەهای لیرەی دابەزاند.
H.J