به‌غدادی چه‌كداره‌كانی بۆ مه‌رگ جێده‌هێڵێت
له‌و شوێنه نه‌ماوه و بووه به هۆی دروستبوونی لێكترازانی گه‌وره له‌ناو چه‌كداره‌كانیدا
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش، كه له ده‌وروبه‌ری باغۆزی رۆژهه‌ڵاتی سووریا، خۆیان راده‌ستی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی كردووه، ده‌ڵێن: "ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، رێبه‌ری رێكخراوی داعش له گرنگترین ساته‌كاندا، كه چه‌كداره‌كانی پێویستییان به سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و بووه، ده‌ستی له ململانێكه هه‌ڵگرتووه و جێیهێشتوون".
له راپۆرتێكدا كه گفتوگۆی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌منی عێراقی و كه‌سانی ئهكادیمیشی له خۆگرتووه، تۆڕی هه‌واڵی فۆكس نیوزی ئه‌مه‌ریكی تیشكی خستۆته سه‌ر ره‌وشی چه‌كدارانی داعش و دیارنه‌مانی به‌غدادی، له كاتێكدا هێشتا چه‌كدارانی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه له دوا مۆڵگهكهیان له سووریا شه‌ڕ ده‌كه‌ن و هه‌سه‌ده‌ش خۆی بۆ دوا هێرشی یه‌كلاكه‌ره‌وه ئاماده كردووه.
فۆكس نیوز له راپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه "له‌گه‌ڵ هه‌ره‌سهێنانی (ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت) و بێزاریی و بێ ئومێدیی چه‌كدارانی داعشدا له دوا مۆڵگه‌ی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه، كه هێشتا به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی هه‌سه‌ده و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ڕ ده‌كه‌ن، نا‌توانیت ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی رێبه‌ری رێكخراوه‌كه بدۆزێته‌وه، دیارنه‌مانیشی بووه به هۆی لێكترازانێكی گه‌وره له‌ناو چه‌كدارانی داعشدا".
له هه‌مان چوارچێوه‌دا، رۆژنامه‌ی "سه‌ندای تایمز"ی به‌ریتانی بڵاویكرده‌وه كه "چه‌كدارانی داعش هه‌ست به تووڕه‌یی و بێ ئومێدیه‌كی قووڵ ده‌كه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، سه‌ركرده‌ی رێكخراوه‌كه‌یان، له بری ئه‌وه‌ی شانبه‌شانی ئه‌وان له باغۆزی رۆژهه‌ڵاتی سووریا به‌شداریی له دوا شه‌ڕدا بكات، خۆی له بیابانه‌كاندا ون كردووه".
ئه‌و رۆژنامه‌یه له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو، ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه، كه خۆیان راده‌ستی شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه كردووه، دانیان به‌وه‌دا ناوه، كه خۆشاردنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كه‌یان ئه‌وانی زۆر تووڕه كردووه، له‌كاتێكدا رێكخراوه‌كه‌یان له رووی جوگرافییه‌وه له رووبه‌ری ته‌نیا نیو میلی چوارگۆشه، كه ده‌كاته "1.295 كیلۆمه‌تری چوارگۆشه" له دۆڵی فورات گیریان خواردووه".
رۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، به گوێره‌ی ئه‌و چاوپێكه‌وتنانه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌كدار و سه‌ركرده ده‌ستگیركراوه‌كانی داعش كراون، دوای ئه‌وه‌ی به‌غدادی خۆی ون كردووه، بێ ئومێدییه‌كی قووڵ چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ی داگرتووه و رێكخراوه‌كه تووشی درز و په‌رته‌وازه‌یی بووه.
محه‌مه‌د عه‌لی، كه چه‌كدارێكی داعشه، هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی كه‌نه‌دییه و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌وه ده‌ستگیر كراوه، به‌و رۆژنامه‌یه‌ی راگه‌یاندووه: "به‌غدادی خۆی له شوێنێك مه‌ڵاس داوه و خه‌ڵكه‌كه‌شی زۆر له‌وه تووڕه بووه".
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا "سه‌ندای تایمز"ی به‌ریتانی له سه‌ر زاری ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كداره ده‌ستگیركراوه‌كانی داعش، كه زۆربه‌یان له‌ناو ئه‌و رێكخراوه پله‌ی سه‌ركردایه‌تییان هه‌بووه، نووسیویه‌تی: "ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دا نین به‌غدادی له‌و شوێنه مابێت، كه ئێستا شه‌ڕی تێدایه"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ناوچه‌ی باغۆز، كه هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی هه‌وڵی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ده‌ده‌ن.
هه‌ندێك له به‌رپرسانی ئه‌و رێكخراوه ئاماژه‌یان به‌وه داوه، پێده‌چێت سه‌ركرده‌كه‌یان گه‌ڕابێته‌وه عێراق و له ناوچه‌یه‌كی پارێزگای ئه‌نبار خۆی حه‌شار دابێت.
دوای ئه‌وه‌ی له هاوینی ساڵی 2014ـه‌وه كاتێك ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له مزگه‌وتی نوور له شاری مووسڵ بڵاوكرده‌وه و تێیدا دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی راگه‌یاند، هیچ گرته‌یه‌كی دیكه‌ی به‌غدادی بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه، ته‌نیا چه‌ند تۆمارێكی ده‌نگیی نه‌بن، كه تێیدا داوای له چه‌كدار و شوێنكه‌وتووانی ده‌كرد، خۆڕاگر بن.
دوا تۆمارى ده‌نگیش، كه بڵاویكرده‌وه، له مانگی ئابی ساڵی رابردوو بوو، كاتێك داوای له لایه‌نگرانی كرد، به چه‌ك و بۆمب و چه‌قۆ، هێرشی سه‌ر ئه‌وڕوپی و ئه‌مه‌ریكییه‌كان بكه‌ن.
ئێستاش چه‌كدارانی رێكخراوی داعش له ناوچه‌ی باغۆزی سه‌ر به پارێزگای دێرزووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا، له لایه‌ن هه‌سه‌ده‌وه و له دوا پێگه‌ی جوگرافییان، گه‌مارۆ دراون و له هه‌موو لایێكه‌وه هێرشیان ده‌كرێته سه‌ر، به‌و هۆیه‌شه‌وه جگه له كوژرانی ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه له شه‌ڕ و بۆردوومانه‌كاندا، رۆژانه به ده‌یان شوێنكه‌وتووانی به‌غدادی له‌و ناوچه‌یه خۆیان راده‌ستی شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده ده‌كه‌ن.