پەرلەمانی بەریتانیا دژی سەرۆک وەزیران دەنگی دا
پەرلەمانی بەریتانیا برێکزتی رەتکردەوە
K24 – ههولێر:
بۆ جاری دووەم پەرلەمانی بەریتانیا پلانی تێریسا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای بۆ چوونە دەرەوە لە یەکێتئی ئەوروپا "برێکزت" رەتکردەوە.
هاوشێوەی دوو مانگ لەمەوبەر - کانوونی دووەمی رابردوو و بە جیاوازی 149 دەنگ، پەرلەمانی بەریتانیا دەنگی دژ بە برێکزت دا، مەی نەیتوانی پاڵپشتی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ جێهێشتنی یەکێتی ئەوروپا دەستەبەر بکات.
لە مانگی یانزدەی ساڵی رابردوو، یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا لەسەر چۆنیەتی چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا رێککەوتن، دووجارە ئەم رێککەوتنە دەهێنرێتە پەرلەمانی بەریتانیا و بە نەخێر وەڵام دەدرێتەوە.
29 ئەم مانگە – ئادار، ئەو رۆژەیە کە حکوومەتی بەریتانیا دەستنیشانی کردووە تاکو بەریتانیا بە فەرمی لە یەکێتی ئەوروپا جیا ببێتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی پەرلەمان ئەگەر هەیە ئەو هەنگاوە دوا بکەوێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی بی بی سی، تێریسای مەی لە دوای شکستەکەی دوێنێی رایگەیاندووە، دەبێت پەرلەمانتاران لەسەر یەکێک لەم دوو خاڵە رێکبکەون، یان بە بێ رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، یەکێتییەکە جێدەهێڵین، یاخود برێکزت دوا بخرێت و ریفراندۆمێکی دیکە ئەنجام بدرێت.
دوای ریفراندۆمەکەی 23ی حوزەیرانی 2016 و زیاتر لە ساڵ و نیوێک دانوستان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا توانرا رێکەوتنێی 585 لاپەرەیی لەنێوان تێریزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپادا واژوو بکرێت، بەڵام بۆ جاری دووەمە بە زۆرینەی دەنگ لەلایەن پەرلەمانتارانی بەریتانیاوە رەتدەکرێتەوە.
رەتکردەوەی برێکزت، داهاتووی سیاسی و ئابووری بەریتانیا تا رادەیەک نادیار دەکات، لە ئەگەری ئەوەش، برێکزت بەبێ پەسەندکردنی پەرلەمان و رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا جێبەجێبکرێت، ئەوا بەریتانیا ملیارەها دۆلار زیان دەکات.
H.J