سەرۆکایەتی فەرەنسا ئامانجی سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ پاریس ئاشکرا دەکات
کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا 'ئێلیزێ' گرنگترین ئەو دۆسیانەی ئاشکراکرد کە بڕیارە سبەی یەکشەممە لە کاتی سەردانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پاریس، لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا تاوتوێی بکەن.
ئەمڕۆ شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا لە راگەیەندراوێکدا ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی ئاشکرا کرد، روونیکردەوە، عەلی زەیدی سبەی یەکشەممە لە یەکەم سەردانی بۆ ئەوروپا دەگاتە پاریس، ئامانج لەم سەردانە بەهێزکردنی پەیوەدنییە هاوبەشییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.
کۆشکی ئێلیزێ ئاماژەی بەوەش داوە، ماکرۆن و زەیدی دۆسیەکانی ‘ وزە، گواستنەوە، ژێرخانی ئابووری، سەرچاوەکانی ئاو و تەندروستی، پەرەپێدانی هاوکاریی ئەمنی و سەربازی تاوتوێ دەکەن و هەروەها چەند گرێبەستێکی نەوتیش واژۆ دەکەن، کە هێشتا وردەکارییەکانیان ئاشکرا نەکراوە.
هەردوو لا پابەندبوون و بڕیاری هاوبەشیان بۆ بەردەوامبوون لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دووپاتدەکەنەوە، بە جۆرێک رێگری لە داعش بکرێت چالاکییەکانی دەستپێبکاتەوە، ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بە رێزگرتنی تەواو لە سەروەریی هەردوو وڵات دەبن.
ماکرۆن و زەیدی لێکەوتەکانی ناسەقامگیریی ناوچەکە لەسەر جموجۆڵی بازرگانی و دابینکردنی وزە، بەتایبەت هەناردەی نەوتی عێراق تاوتوێدەکەن، هەردوو لا کار بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەکەن، بە مەبەستی کەمکردنەوەی گوشارەکان لەسەر بازاڕەکانی وزە، پشتیوانیکردنی ئابووریی عێراق و پاراستنی توانای کڕینی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی بەردەوام.
دوێنێ هەینی 11ـی ئەیلوولی 2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بلاویکردەوە، عەلی فالح زەیدی رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئەیلوول سەردانی پاریس دەکات، رۆژی دووشەممە، 14ـی ئەیلوول لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە و تاوتوێی ژمارەیەک دۆسیە و پرسی هەرێمی و نێودەوڵەتیی جێی بایەخی هاوبەش دەکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەردانەکە بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و پاریس و فراوانکردنی هاوبەشییەکانە لە کەرتە جیاوازەکاندا، بەتایبەت لە هەردوو کەرتی وزە و ئاسایشدا.