يه‌كێتى ره‌تيده‌كاته‌وه‌ داواى پۆسته‌كانى گۆڕانى كردبێت

یەكێتی داوای میكانیزم ‌و پێداویستییە كرده‌نییەكانی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوانیانی كردووە

K24 – هه‌ولێر:

یەكێتیی نيشتمانیى كوردستان رەتیكرده‌وه‌، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی ديموكراتى كوردستاندا، داوای پۆستەكانی بزووتنەوەی گۆڕانی كردبێت.

لەتیف شێخ عومەر، گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا، سەبارەت بە كۆبوونەوەی حزبەكەی لەگەڵ پارتی، ئاماژەی بەوە كردووە، لە كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتیدا، مەكتەبی سیاسیی یەكێتی داوای شەراكەتی راستەقینە و میكانیزم ‌و پێداویستییە كرده‌نییه‌كانی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوانیانی كردووە.

گوتيشى: لە نێوان ئه‌و پرسانه‌دا، باس له‌ پشكەكانی یەكێتی لە پۆستەكاندا كراوه‌ و هەرگیز باس لە پشكی گۆڕان نەكراوە.

ئاماژەی بەوەش كردووە، مەكتەبی سیاسیی یەكێتی جەختی كردۆتە سەر پرەنسیپی سازان لە نێوان هەموو لایەنەكان‌ و پێكهاتنیان لەسەر ئەو پرسانە، لەگەڵ ئەوەشدا داوای بەشداریی پێكردنی لایەنەكانی تریش لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێم كراوه‌.