هێزە چەکدارەکانی یەمەن: گورزێکی کوشندەمان لە حووسییەکان دا
گوتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایگەیاند، هێزەکانیان 8 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان دژی حووسیەکان کردووە و چەک و کەرەستەی سەربازیی سەر بەو گرووپەیان کردووەتە ئامانج.
ئەمرۆ پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەقید ماجید نەزیلی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "ئۆپەراسیۆنەکان سێ تۆپهاوێژیان لە بەرەی وازیعە و سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی گەڕۆک لە موخا کردە ئامانج، کە شارەزایانی سوپای پاسدارانی ئێران پەرەیان پێدابوو، هاوکات ژمارەیەک سەرکردە و چەکداری حووسی لە مەنسوورە و ناوچەی باب مەندەب کوژران".
ئەو گوتەبێژەی هێزە چەکدارەکان روونیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان لە چوارچێوەی چاودێریکردن و بەدواداچوونی بەردەوامی جموجۆڵەکانی گرووپی حووسییەکان بوون.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە چەکدارەکانی یەمەن و حووسییەکان لە ژمارەیەک پارێزگای ئەو وڵاتە بەردەوامە، هێزەکانی یەمەن بەردەوامن لە بەئامانجکردنی پێگە و جموجۆڵەکانی ئەو گرووپانە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی پارێزگای تەعز، کە گرنگییەکی ستراتیژییان هەیە.
تەممووزی 2014 قەیران و جەنگی یەمەن بەشێوەیەکی فەرمی سەریهەڵدا، کاتێک گرووپی حووسییەکان ناسراو بە ئەنساروڵڵا دەستیان بە فراوانکردن و کۆنترۆڵکردنی ژمارەیەک ناوچە کرد. لە سێپتەمبەری هەمان ساڵدا، ئەو گرووپە توانییان بەتەواوی دەست بەسەر پایتەخت سەنعا دا بگرن و دامەزراوە حکوومییەکان بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.
ئاداری 2015 جەنگەکە پەرەی سەند و هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی سعوودیە هاتە نێو هاوکێشەکە.
بەگوێرەی ئامار و راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لەنێویاندا نەتەوە یەکگرتووەکان، جەنگی یەمەن وەک یەکێک لە کارەساتە مرۆییەکانی سەدەی نوێ هەژمار دەکرێت. لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا زیاتر لە 370 بۆ 400 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
زۆرینەی قوربانییەکان تەنیا بەهۆی پێکدادانی راستەوخۆ، بەڵکو بەهۆی کاریگەرییە لاوەکییەکانی جەنگەوە بووە. وەک برسییەتی، نەبوونی دەرمان، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و داڕمانی کەرتی تەندروستی لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردنی هاووڵاتییانن. لەلایەکی دیکەوە، ملیۆنان یەمەنی بەهۆی جەنگەوە ئاوارە بوون و روویان لە کەمپەکان کردووە یان پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی بەپەلە هەیە.
سەرەڕای هەوڵەکانی ئاشتی و بەردەوامیی ئاگربەست لە ساڵانی رابردوودا، ناوچە ستراتیژییەکان وەک تەعز، وازیعە و دەروازەی دەریایی باب مەندەب هێشتا گۆڕەپانی پێکدادان و ئۆپەراسیۆنن لەنێوان سوپای یەمەن و حووسییەکاندا.