پێكهێنانی كابینهی نوێی حكوومەت به چوار قۆناخ تێدهپهڕێت
قۆناخەكان لە پەرلەمانەوە دەست پێ دەكەن
K24 - ھەولێر
پرۆسەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە چوار قۆناخی سەرەكی تێپەڕدەبێت، قۆناخەكان بریتین، لە ھەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێم، ھەڵبژاردنی سەرۆك لەنێو پەرلەمان، راسپاردنی كاندیدی سەرۆكی حكوومەت بۆ پێكھێنانی حكوومەت، دواترینیشیان، پێكھێنانی حكوومەته لەلایەن كاندیدی راسپێردراو، بەڵام تا ئێستا ھیچ یەك لەم قۆناخانە تێنەپەڕیون.
فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەیەوێ بەر لە نەورۆز، لە پەرلەمانی كوردستانەوە یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێم ھەموار بكرێتەوە، بەڵام پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمە بە دوور دەزانێت و ھۆكارەكەشی بۆ درەنگ رێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ پارتی دەگەڕێنێتەوە.
رزگار عیسا، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24ی گوت: "ھەوڵی فراكسیۆنی پارتی ئەوەیە، كە بە زووترین كات یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان ھەموار بكرێتەوە".
لەبارەی ھۆكارەكانی دواكەوتنی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش. ئاشنا عەبدوڵڵا، پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت: "ھۆكارەكە پەیوەندی بە رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكانەوە ھەیە. راستە رێككەوتنی سیاسی كراون، رێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان تا ئێستا ھیچ كێشەیەكی نییە. رەنگە دواكەوتنی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت پەیوەندی بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە ھەبێت، چونكە تا ئێستا رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی ھیچ خاڵێكی لێ جێبەجێ نەكراوە".
ھ.م