سه‌رۆك بارزانی: سه‌پاندنی واقیعێك كه‌ پێچه‌وانه‌ی جوگرافیا و مێژووى ناوچه‌كان بێت قابیلی قبووڵ نییه‌

"هەموومان لە كوردستان مرۆڤبووندا براین و هەڵسەنگاندنی مرۆڤیش لەسەر بنەمای ڕەفتارەكانیەتی نەك بیروباوەڕ"

K24- هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ سێشەممە 19ـی 3ـی 2019 سەرۆك مەسعود بارزانی بە مەبەستی تاوتوێكردن و گفتوگۆ لەسەر كێشە و گرفتەكانی ناوچەی زومار، لەگەڵ كەسایەتی، ڕیشسپی، نوێنەرانی پێكهاتەكان، جەماوەر و دانیشتوانی دەڤەری زومار كۆبووەوه‌.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد و، ئاماژەی بە قوربانیدان و خۆڕاگریی جەماوەری دەڤەری زومار لە بەرامبەر پەلاماری تیرۆریستان و هێرشی ناحەزان لە ساڵانی ڕابردوودا كرد و، لەبارەی بایەخی ناوچەی زومار لە شەڕی تیرۆریستان ڕایگەیاند، كلیلی شكستی داعش لە زومار بوو و، تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە زومارەوە دەستی پێكرد.

سەرۆك بارزانی ستاییشی فەرهەنگی پێكەوەژیانی ئەو ناوچەیەی كرد و ڕایگەیاند، مایەی خۆشحاڵییە كە تیرۆریستان و ناحەزان نەیانتوانی فەرهەنگی پێكەوەژیانی ئەو ناوچەیە تێك بدەن. جەختیشی كردەوە، نابێت ناكۆكیی سیاسیی لەگەڵ دەستەڵات و حكوومەتەكان ببێتە هۆی ناكۆكیی نێوان نەتەوە و ئایینەكان.

لەدرێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەی تیرۆر جەختی لەوە كردەوە، فەرهەنگی پێكەوەژیان باشترین چەكە بۆ لەناوبردنی هزری توندڕۆیی و تیرۆر، ئەوەیشی خستەڕوو، كە پێویستە فكری تیرۆر ڕیشەكێش بكرێت و لە كوردستاندا ئێمە هەموومان لە مرۆڤبووندا براین و جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی كێشە نییە، هەڵسەنگاندنی مرۆڤیش لەسەر بنەمای ڕەفتارەكانیەتی نەك بیروباوەڕ.

لەبارەی چارەنووسی ناوچەكانی ماددەی 140ـیش سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند، ئەگەر دەستوور جێبەجێ كرابا ئێستا دۆخی عێراق بە شێوەیەكی باشتر دەبوو، بە پێویستیشی زانی، ماددەی 140 بە لێتێگه‌یشتن و ئاشتی جێبەجێ بكرێت. جەختیشی كردەوە، هەر هەوڵێك بۆ سەپاندنی واقعێك كە پێچەوانەی جیۆگرافیا و مێژوو و باری كۆمەڵایەتیی ناوچەكان بێت گرفتەكان قووڵتر دەكاتەوە و قابیلی قبوڵكردنیش نییە.

 

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا، سەرۆك بارزانی باسی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆمی كرد و دووپاتی كردەوە، لەدوای هەڵبژاردنەكانی عێراق قۆناغێكی دیكه‌ هاتووەتە ئاراوه‌ و هەموو لایەك هەوڵ دەدەین كە سوود لەو كەشە ئیجابییە وەربگرین بۆ جێبەجێكردنی پڕەنسیپەكانی برایەتی و پێكەوەژیان ونەهێشتنی تیرۆر.

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووان ڕا و بۆچوون و پێشنیارەكانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دانیشتوانی ناوچەكە بە سەرۆك بارزانی گەیاند. سەرۆك بارزانیش بە لە بەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ئیجابییەی كە لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە ئاراوه‌، ئامۆژگاری و شیكردنەوەی پێویستی بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و باشتربوونی دۆخی خەڵكی دەڤەری زومار خستەڕوو.

H.B