نێچیرڤان بارزانی: چاوەڕوانی ئەو رۆژەین چەوساندنەوەی گەلی کورد كۆتایی پێ بێت
سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان پەیامێك بڵاودەكاتەوە
K24 - ھەولێر
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا بە بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەرساڵی كوردی رایدەگەیەنێت: "هیوادارم گەشی و خۆشی بەسەر ناخی یەک بە یەکی هاووڵاتیانی کوردستاندا بێت، بەسەر دۆزە سیاسییەکەمان و باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەموو رووێکی دیکەی ژیانی ئێوەی خۆشەویستدا رەنگ بداتەوە".
نێچیرڤان بارزانی، جەخت دەكاتەوە: "گرەوی ئێمە ئەوەیە کوردستان سەربکەوێت، رێگەی دوورمان بڕیوە و کەممان ماوە، قوربانیمان زۆر داوە و دەبێت بگەینە رۆژی خۆمان. لەم بۆنەیەدا کە نەورۆز جەژنێکی فەرمییە لە عێراق، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەم یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی گەلی عێراق لە برایەتیی خۆی و گەلی کوردستاندا سەربکەوێت".
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لەو پەیامەدا دەڵێت: "چاوەڕوانی ئەو رۆژەین کە چەوسانەوەی گەلی کورد بە تەواوەتی بووەستێت و هەموو لایەک بە مافداری و یەکسانی و برایەتی و تەبایی بژین".
نێچیرڤان بارزانی راشیدەگەیەنێت: "دەبێت لەمڕۆوە دەست بکەین بە هێوربوونەوە، شەڕی بەرگریی ئێمە لە بەرامبەر دڕندەیی داعشدا بەسەرکەوتن تەواوبوو، بوژانەوەی باری ئابووریش دەستی پێ کرد و هەنگاو بەرەو ئاساییبوونەوە دەنێت".