كه‌ناڵێكی نوێی كوردی ئه‌مشه‌و ده‌ست به په‌خشی خۆی ده‌كات
كه‌ناڵێكی تەلەڤزیۆنیى هه‌مه‌ڕه‌نگه
K24- هه‌ولێر:
ئه‌مشه‌و كه‌ناڵێكی نوێی كوردی هه‌مه‌ڕه‌نگ به ناوی "ئاڤا- ئينتهرتينمينت"، بۆ یه‌كه‌م جار ده‌ست به په‌خشی خۆی ده‌كات، په‌خشی ئه‌و كه‌ناڵه به هه‌موو دیالێكته كوردییه‌كان ده‌بێت و گرنگی به بواره جیاوازه‌كانی كولتووری كوردهواری ده‌دات.
له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان 24، مسته‌فا بایرام، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی "ئاڤا- ئينتهرتينمينت"، كه ئه‌مشه‌و بۆ یه‌كه‌م جار ده‌ست به په‌خشی خۆی ده‌كات، له باره‌ی ئامانجیان له كردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌ناڵه ده‌ڵێت: "ئاڤا كه‌ناڵێكی هه‌مه‌ڕه‌نگه، ماوه‌ی 5 ساڵه كار بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌ناڵه ده‌كه‌ین و ئامانجمان له كردنه‌وه‌ی، بۆ نیشاندانی وێنه‌یه‌كی راسته‌قینه و به‌ها نیشتمانییه‌كان و كولتووری كوردییه به جیهان".
هه‌روه‌ها گوتی: "بیرۆكه‌ی كردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌ناڵه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه ده‌مانه‌وێت به‌ها نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان و هونه‌ر و رۆشنبیریی كوردی نیشانی جیهان بده‌ین".
بایرام دووپاتی كرده‌وه: "ئێمه ژماره‌یه‌ك كه‌ناڵی هه‌واڵیمان هه‌ن، كه گرنگی به ده‌نگوباس و رووداوه‌كانی رۆژ ده‌ده‌ن، به‌ڵام كه‌ناڵه هه‌مه‌ڕه‌نگه‌كان له‌و ئاسته‌دا نه‌بوونه، كه كولتوور و رۆشنبیریی كوردی وه‌ك خۆی تێیدا ره‌نگ بداته‌وه"، كوردستان 24ـیشی وه‌ك نموونه‌ی كه‌ناڵه پێشكه‌وتووه‌كانی هه‌واڵی كوردی هێنایه‌وه، كه تێیدا ره‌چاوی هه‌موو نرخ و به‌ها نه‌ته‌وایه‌تی، نیشتمانی و كولتوورییه‌كانی كورد كراوه.
له‌م باره‌یه‌وه مسته‌فا بایرام گوتی: "كوردستان 24 له دۆخێكی سه‌ختدا دامه‌زرا و ده‌ستی به په‌خشه‌كه‌ی كرد، وێڕای دۆخه سه‌خته‌كه، توانی سه‌ركه‌وتوو بێت و گرنگی به به‌ها نیشتمانییه‌كان بدات، به‌ڵام به‌داخه‌وه كه‌ناڵه‌كانی دیكه‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگی كوردی هه‌رچه‌ند گه‌یشتبنه ئاستێكی باشیش، به‌ڵام له رووی گرنگیدان به لایه‌نی خێزانی، به‌رنامه، كولتوور، هونه‌ر و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی ژیانی كوردهواری، له ئاست خواسته‌كاندا نه‌بوونه، بۆیه بیرمان له‌وه كرده‌وه، ئه‌و لایه‌نه‌ی له كه‌ناڵه‌كانی دیكه‌دا فه‌رامۆش كراوه، ئێمه له كه‌ناڵی ئاڤا- ئينتهرتينمينتدا جێگای بكه‌ینه‌وه و تێیدا ره‌نگ بداته‌وه".
سه‌باره‌ت به چه‌ندایه‌تیی و جۆرایه‌تیی ژانره‌كانی ئه‌و كه‌ناڵه "ئاڤا- ئينتهرتينمينت"، مسته‌فا بایرام ئاشكرای كرد، "به‌رنامه‌كان هه‌مه‌ڕه‌نگن و گرنگی به كولتووری كوردی له هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان ده‌ده‌ن، پێشكه‌شكاره‌كانی ئه‌و كه‌ناڵه‌ش له هه‌موو شێوه‌زاره‌كان به‌رنامه‌یان ده‌بێت، به‌و مه‌رجه‌ی هه‌ڵگری موركێكی كوردی بێت و له‌گه‌ڵ مۆدێرنی جیهانی بگونجێت".
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندیی نێوان كه‌ناڵی ئاڤا و كوردستان 24ـیش، وێڕای ستایشی بۆ كه‌ناڵی كوردستان 24 و به‌رزنرخاندنی ئاستی كوالێتیی چه‌ندایه‌تی و جۆرایه‌تی، بایرام جه‌ختی كرده‌وه، "جگه له په‌یوه‌ندیی دۆستانه، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی دیكه به‌یه‌كه‌وه نامانبه‌ستێته‌وه و له هه‌موو لایه‌كه‌وه دوو كه‌ناڵی جیاواز و سه‌ربه‌خۆن".
H.B