رێبوار تاڵه‌بانی: سوپاسی ئه‌و پێشمه‌رگانه ده‌كه‌م كه له 16ی ئوكتۆبه‌ر سه‌ریان دانه‌نه‌واند
"ئه‌وه‌ی له كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كان كراوه له هیچ حكوومه‌تێكی دیكه قبووڵمان نه‌كردووه"
K24- هه‌ولێر:
رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، له گوتارێكدا له میانه‌ی ئاهه‌نگی جه‌ژنی نه‌ورۆز له ناو پۆلێك پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له ناحیه‌ی پردێ، رایگه‌یاند، سوپاسی ئه‌و پێشمه‌رگانه ده‌كه‌م، كه له 16ی ئوكتۆبه‌ر سه‌ریان بۆ ئه‌و واقیعه دانه‌نه‌واند، كه ویستییان به‌زۆر به‌سه‌ر گه‌لی كورددا بیسه‌پێنن.
تاڵه‌بانی له گوتاره‌كه‌یدا وێڕای پیرۆزباییكردن له گه‌لی كورد له هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان، دووپاتیشی كرده‌وه، هیوامان وا بوو ئێستا له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستان و به ئاڵاكهمانهوه ئه‌و ئاههنگانهمان سازكردبا.
گوتیشی: "سوپاسی ته‌واوی ئه‌و پێشمه‌رگانه ده‌كه‌م، كه له 16ی ئوكتۆبه‌ر سه‌ریان دانه‌نه‌واند و خۆیان راده‌ستی ئه‌و ئه‌مری واقیعه نه‌كرد، كه ویستییان به‌زۆر به‌سه‌ر گه‌لی كورددا بیسه‌پێنن، كه سه‌ددام و حكوومه‌ته یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی عێراق پێیان نه‌كرابوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و كه‌تنه‌ی عه‌بادی كردی، درێژكراوه‌ی هه‌مان په‌یڕه‌وی سیاسه‌تی حكوومه‌ته‌كانی پێشوو بوو له دژی گه‌لی كورد".
رێبوار تاڵه‌بانی داواشی له حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد، به زووترین كات كێشه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، كه به ناوچه‌كانی مادده‌ی 140 ناسراون، به گوێره‌ی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن، كه ئێستا مافه‌كانی ئه‌و ناوچانه پێشێل ده‌كرێن و له دۆخێكی ناده‌ستووری و نایاساییدا گوزه‌ر ده‌كه‌ن.
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك جه‌ختی كرده‌وه، ئه‌وه‌ی له كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كان كراوه، تا ئێستا له هیچ حكوومه‌تێكی دیكه قبووڵمان نه‌كردووه. داواشی كرد، ددان به‌و مافانه‌ی گه‌لی كورددا بنرێت، كه دوای ساڵی 2003 به به‌رده‌وامی پێشێل ده‌كرێن.
H.B