یۆنان پەیوەندییەكانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان پتەوتر دەكات
ئەسینا ئاستی نوێنەرایەتیی خۆی لە ھەولێر بەرز دەکاتەوە
K24 - ھەولێر
یۆنان ئاستی نوێنەرایەتیی خۆی لە هەرێمی کوردستان بەرز دەکاتەوە و سەرکونسوڵی گشتیی یۆنانیش ئاشكرای دەكات، كه دوای جەژنی نەورۆز، کونسوڵخانەکەیان سەرجەم خزمەتگوزارییەکان پێشکەش دەکات، بە خزمەتگوزاریی ڤیزاشەوە. هاوکات شاندێکی بازرگانانی هەرێمی کوردستان بڕیارە سەردانی یۆنان بکەن و لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆببنەوە.
بڕیارە شاندێکی هەرێمی کوردستان، کە زۆرینەیان لە بازرگان و خاوەنکاران پێکهاتوون، بگەنە ئەسینای پایتەختی یۆنان و لەوێ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان ببینن، سەرکونسوڵی یۆنان لە هەولێر بە جیا لەوەی پەیامی پیرۆزبایی نەورۆزی پێیە، هەندێک لە هەوڵەکانی وڵاتەکەیشی باس دەکات لە پێناو نزیکبوونەوە لە هەولێر.
ئیفوثیموس کۆستۆپۆڵۆس، کونسوڵی گشتیی یۆنان لە هەرێمی کوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "وەک یۆنان پلانمان هەیە، کە پەیوەندییەکانمان زیاتر پێش بخەین، بۆ ئەمەشە کە شاندی کوردستان بۆ یەکەمجاره له یۆنان بەشداریی کۆڕبەندی ساڵانەی ئابووری دەکەن و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە کۆدەبنەوە. جیا لەوە، پلانی ئەوەمان هەیە کە لە هەرێمی کوردستان ئاستی نوێنەرایەتییەکەمان بەرز بکەینەوە، بە شێوەیەک لە چەند مانگی داهاتوودا بتوانین هەموو خزمەتگوزارییەک، بە پێدانی ڤیزاشەوە پێشکەش بکەین".
ھەروەھا دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوڕوپا دەڵێت: "یۆنان گرنگییەكی تایبەتی ھەیە، چونكە لە رووی جوگرافی و كولتوورییەوە، لە ھەرێمی كوردستان نزیكه".
ھ.م