بانگەشەی رەمەزان كوردستانی لە كەركووك ناوەستێ
ھاووڵاتییەك 19 ساڵە بانگەشەی كوردستانی بوونی كەركووك دەكات
K24 - كەركووك
لەدوای ساڵی 2003ەوە ھاووڵاتییەك بەردەوام جل و بەرگێکی لەبەرکردووە کە ئاڵای کوردستانە، بە شەقامەکانی کەرکووک دەسوڕێتەوەو دەڵێت، کەرکووک شارێکی کوردستانییە، ئەم ھاووڵاتییە ناوی رەمەزان کوردستانییە و لای کەرکووکییەکان خۆشەویستیەکی تایبەتی هەیە، لە 16ی ئۆکتوبەرەوە کەرکووکی بەجێ هێشتبوو، ئێستا گەڕاوەتەوە و جارێکی دیکە لە شەقامەکان دەرکەوتووەتەوە، لە پێش چاوی هێزەكانی عێراق دەڵێ، کەرکووک شارێكی کوردستانییە. بە قسەی خۆی چەند جارێک دووچاری ئازار و ئەشکەنجە هاتووە، بەڵام كۆڵی نەداوە.
جل و بەرگی رەمەزان كە ئاڵای كوردستانە لە دوورەوە خەڵک دەیناسێنەوە، لەنێو هاووڵاتیان خۆشەویستییەکی تایبەتی هەیە، كاتێك بە شەقامەمەكاندا تێدەپەڕێت خەڵكی وێنەی سێڵفی لەگەڵ دەگرن.
خەڵکی کەرکووک یادەوەر زۆریان لەگەڵ رەمەزان کوردستانی هەیە، لای دانیشتوانی ئەو شارە نازناوێکی دیکەی هەیە کە پێی دەڵێن "رەمەزانی مادەی 140".
ھ.م