په‌رله‌مانی عێراق كار له سه‌ر گۆڕینی ده‌سته‌ی كارگێڕیی پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌كات
سبه‌ی ده‌نگ له سه‌ر راپۆرتی لێژنه‌ی ئاشكراكردنی راستییه‌كان ده‌درێت
K24- هه‌ولێر:
سبەی یه‌كشه‌ممه، پەرلەمانی عیراق كۆده‌بێته‌وه و تاوتوێی دۆخی موسڵ ده‌کات. پەرلەمانتاران زۆرینەیان لەسەر ئەوە كۆكن، كه پێویستە پارێزگار و بەرپرسانی خۆجێیی شارەکە لە پۆستەکانیان دوور بخرێنەوە، هاوکات جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقیش داوا دەکات، بڕیارەکان لەبارەی موسڵەوە له ئاست قه‌باره‌ی کارەساتەکەدا بن.
نوری دلێمی، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق ده‌ڵێت: "پێویستە هۆكاره‌كانی ئه‌و كاره‌ساته چارەسەر بکرێن، ئەو کارەساتە دەرەنجامە و هۆکاری زۆری هەیە، لەوانە کێشەی سیاسی، ئەمنی و خزمەتگوزاری".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، "ئێمە چاوەڕێی لێکۆڵینەوەین و بەم نزیکانە بڕیارمان له‌م باره‌یه‌وه ده‌بێت، بەڵام دووپاتی دەکەمەوە، بڕیارەکەمان له ئاست قه‌باره‌ی ئەو کارەساتە دەبێت، کە له مووسڵ رووی داوە".
به‌ر له رووداوى به‌له‌مه‌كه‌ی مووسڵ بە مانگێك، شه‌ڕ لە نێوان پۆلیس و ئەو کۆمپانیا گەشتیارییەی رووي داوه، كه خاوەنداری بەلەمەکە بووە و پۆلیسێك کوژراوە، ئه‌مه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ی باسی ڕووداوه‌كه بكرێت و لیپێچینەوە له باره‌یه‌وه بكرێت, ئەمەش وایکردووە هەندێك كه‌س و لایه‌ن بڵێن: لە موسڵ حوکمی مافیاکان هەیە.
یه‌كێك له‌وانه‌ش، ئه‌حمه‌د جبووری، په‌رله‌مانتاری عێراق ده‌ڵێت: "پێویستە لێپێچینەوە لە پارێزگار بکرێت، پارێزگار بۆی نییە ئازاری خۆپێشاندەران بدات، کێشەکە لە پارێزگار گەورەترە، ئەم شارە کۆمەڵێك مافیای تێدایە, کە دامەزراوەکانی دەوڵەتیان کۆنتڕۆڵ کردووە، ڕۆژی یەکشەمە کۆمەڵێك بڕیار دەدەین، کە بە دڵی هەموان بێت".
ئیخڵاس دلێمیش، كه په‌رله‌مانتارێكی دیكه‌ی عێراقه، جه‌خت ده‌كاته‌وه، "لادانی پارێزگار بە داواکارییەك له لایه‌ن سەرۆك وەزیرانه‌وه بۆ پەرلەمان ده‌بێت، پیموایە لە پەرلەمان ئەو دەنگدانە دەکرێت و لەوێ پارێزگار لادەبرێت، هەموو شاندەکان کۆکن لەسەر ئەوەی بەرپرسانی خۆجێیی نەینەوا بگۆڕدرێن".
بڕیاره له دانیشتنی رۆژی یه‌كشه‌ممه، راپۆرتی لێژنه‌ی ئاشكراكردنی راستییه‌كانی شاری مووسڵ بخرێته روو و ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.
دوای ئه‌وه‌ی له یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی نه‌ورۆز، به هۆی نغرۆبوونی به‌له‌مێكی گه‌شتیاری له رووباری دیجله له شاری مووسڵ، زیاتر له 100 كه‌س گیانیان له ده‌ست دا و تا ئێستاش ژماره‌یه‌كیان بێسه‌روشوێنن، خه‌ڵكی ئه‌و شاره تووڕه‌یی خۆیان له دژی كه‌مته‌رخه‌می و گه‌نده‌ڵیی ده‌سه‌ڵاتدارانی حكوومه‌تی ناوه‌ندی و خۆجێیی پارێزگاكه‌یان هێنایه سه‌ر شه‌قام و داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه و سزادانی به‌رپرسانی شاره‌كه‌یان ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت پارێزگار.
H.B