لابردنی پارێزگاری نه‌ینه‌وا ده‌رگایه‌كی نوێی ململانێی سیاسی ده‌كاته‌وه‌

هه‌ر لایه‌نێك هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پۆسته‌ بۆ خۆی ده‌دات

K24- هه‌ولێر:

لەکارلادانی نەوفل حەمادی، پارێزگاری نەینەوا، دەرگایەکی دیکەی ناکۆکی و ململانێی لەنێوان لایەنەکان کردەوە و هەر لایەنێکیش کار بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دەکات. هاوکات پەرلەمانی عێراق بڕیاری داوە سەرجەم بارەگا نافەرمییەكانی ھێزە ئەمنییەكان لە مووسڵ دابخرێن، سەرۆك وەزیرانیش رادەسپێرێت، بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست دژ بەو بارەگایانە بگرێتە بەر.

حسام عیبارە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، دوای دوورخستنه‌وه‌ی نەوفل حەمادی لە پۆستی پارێزگار، هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەن کار بۆ دانانی پارێزگارێکی نزیك لە خۆیان دەکەن. گوتیشی "لە سەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار و دوو جێگرەکەی, کێشە و ململانێی زۆر لەنێوان لایەنەکان هەیە و هەرلایەنێك هەوڵ بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانە دەدات".

سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە ساڵێکە تەواوی شاری مووسڵ کۆنتڕۆڵ کراوەتەوە، بەڵام بوونی میلیشیا چەکدارەکان لە ناوخۆی ئەو پارێزگایە، ئاستەنگی گەورەی لە بەردەم گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ دانیشتوانی ئەو پارێزگایە دروست کردووە، چونكه‌ بەشێکی زۆر لە ئاوارەکان ئامادە نین بگەڕێنەوە ناوچەکانیان. ئەوان پێیانوایە، بوونی میلیشیاکان لەو ناوچانە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ژیانیان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هەندێك لە گرووپ و میلیشیاکان، لە سەر بنەمای مەزهەبی مامەڵە لەگەڵ دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەکەن.

پەرلەمانی عێراق جگە لە دوورخستنه‌وه‌ی پارێزگاری نەینەوا، بڕیاریشی دا سەرجەم بارەگا نافەرمییەكانی ھێزە ئەمنییەكان لە مووسڵ دابخرێن و سەرۆكوەزیرانیش رادەسپێرێت، بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست دژ بەو بارەگایانە بگرێتە بەر، ھەروەھا داوای لێ دەكات، كۆنتڕۆڵی تەواو بە سەر ھێز و گرووپە چەكدارەكاندا بسەپێنێت، جا بە ھەر سیفەتێك و لەژێر ھەر ناوێكدا بن.

لە بەرامبەریشدا ئەحمەد ئەسەدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی فەتح رایگەیاند، جگە لە بارەگای فەرماندەیی، حەشدی شەعبی هیچ بارەگایەکی لەنێو شاری مووسڵ نییە.

ئه‌سه‌دی ره‌تیشی كرده‌وه‌، هێزەکانیان لە سەر بنەمای مەزهەبی مامەڵە لەگەڵ دانیشتوانی ئەو ناوچانەدا بکەن.

H.B