تهعریب ههڕهشه له 11 گوندی كوردنشینی خانەقین دهكات
زهوی جوتیارانی كورد داگیر دهكرێت
K24 - خانەقین
داگیرکردنی زەوی جوتیارانی گوندە کوردنشینەکانی سنووری خانەقین بەردەوامە و لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەریشەوە جوتیاران چەندینجار خۆپیشاندانیان کردووە، بۆ ئەوەی عەرەبی ھاوردە نەھێندرێنە سەر زەوییەکانیان، بەڵام بەھۆی نەمانی دەسەڵاتی کورد لەوناوچانە، کەس گوێ لە جوتیارەکان ناگرێت و زەوییەکانیشیان داگیر دەکرێن.
بە گوتەی جوتیارەكان، داگیرکردن و لێسەندنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە ھاووڵاتییانی كوردی سنووری قەزای خانەقین بە پشتیوانی چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەیە، کە دەیانەوێت بە تەواوەتی کورد لەوناوچانە دەربکەن و جارێکی دیكە عەرەبە ھاوردەکان لە شوێنەکانیان جێگیر بکەن.
جەواد دارا، یەكێكە لە گوندنشینەكانی سنووری خانەقین بە كوردستان24 گوت: "لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ھەوڵی داگیركردنەوەی زەوییەكانی كورد دەدرێت، تەنھا لە دێیەكەی ئێمە زیاتر لە 850 دۆنم زەوی ھەڕەشەی داگیركردنی لەسەرە، كۆی ئەو گوندانەی ئێستا خەریكە جارێكی دیكە تەعریب دەكرێنەوە زیاتر لە 11 گوند دەبن".
گوتیشی: "ئەو عەرەبانەی چەندین ساڵە لەگەڵمان دەژین و لەلایەن كوردەوە خزمەت دەكرێن، ئەوانیش دژی كورد ھاوكارن بۆ تەعریب كردنەوەی ناوچەكەمان".
ئەو کوردانەی کە لەسەر زەویە کشوکاڵییەکانیانن لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق لەساڵی 2003وە گەڕاونەتەوە سەر زەویەکانیان، عەرەبە ھاوردەکانیش ئەو کاتە ناوچەکەیان جێھێشت، بەڵام لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرە و نەمانی دەسەڵاتی کورد لەناوچەکە جارێکی دیكە داگیرکردن و دەرکردنی کورد لە ناوچەکە دەستی پێکردەوە.
ھ.م